English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
تەواوكردنی ئامانجەكانی راپەڕین
2016-03-08 [01:12 AM]


2016-03-08
تەواوكردنی ئامانجەكانی راپەڕین

ئازا حەسیب قەرەداخی

راپەڕینی خەڵكی كوردستان بە رووی حزبی بەعس و حكوومەتە فاشییەكەیدا كە بەرهەمی كەڵەكەبوونی ئەزموون و خەباتی چەندین ساڵەی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بوو، بنەمای بۆ بەدیهاتنی ئامانجە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی تێكۆشانی نیشتمانی و دیموكراسی دانا.

لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا بە شێواز و فۆرمی جیاجیا، ئەو ئامانجانە هاتوونەتە دی و رێیان بۆ ئامانجی سەرووتر لە خۆیان خۆش كردووە.

ئامانجەكانی راپەڕین كۆتاییان نەهاتووە، بەو مانایە كە ئەوەی دوێنی بەدی هاتووە و ئەوەی ئەمڕۆ دێتە دی بنەمایە بۆ ئامانجێكی دیكە كە سبەی دەبێ كار بكرێ بۆ بەدیهاتنی. ئەمەیش ئەركی نوێ و بە شێواز و میكانیزمی نوێ دەخاتەوە ئەستۆی گەل و نوێنەرە سیاسییەكانی. گەلی كوردستانیش لەگەڵ هەڵكشانی رووداو و گۆڕانكارییەكاندا، لە هەر قۆناغێكدا خۆی سازداوەتەوە بۆ كاركردن لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجی دیكەدا كە دەربڕی ئیرادەی سیاسی ئەو قۆناغە بێت.

لە دوای راپەڕینەوە وەها دەردەكەوێ كە بزاوتی سیاسی لە هەموو بزاوتەكانی دیكەی كۆمەڵایەتی و كولتووری و تەنانەت ئابووریش خێراتر بووە و ئەركەكانی خۆی بەرەو پێش بردووە و بەشی بنەڕەتی ئامانجەكانی بەدیهێناون. بەڵام لە سروشتی بەدیهاتنی ئامانجدایە كە كۆتایی نایەت و هەموو ئامانجێك كە بەدی دێت دەبێتە بنەما بۆ گەڵاڵەبوون و كامڵبوونی دیدگای سیاسی بۆ ئامانجێكی دیكە و كایەی سیاسی رادەكێشێ بۆ بیركردنەوە لە ئامانجە نوێیەكە و ئیشكردن بۆ تێگەیشتن لە پێویستییە بابەتی و خودییەكانی ئەو ئامانجە نوێیە و ئامادەكردنی میكانیزم و شێوازی كاركردن بۆ بەدیهاتنی. هەروەها كۆكردنەوەی كەرەستە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ ئەم مەبەستە و جووڵاندنی هەموو ئەو فاكتەرانەی بەشێوەیەكی ئەرێنی رۆڵ دەبینن لە بەدیهاتنیدا و دەستنیشانكردنی ئەو فاكتەرانەی دەبنە كۆسپ و كێشە لە ریی بەدیهاتنیدا، تا بتوانێ دووریان بخاتەوە یان فاكتەرەكانی لابردنیان بدۆزێتەوە.

لە قۆناغی زیوینی راپەڕیندا و پاشی جەرباندنی شێوازی فیدرالی لە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدادا كە دواجار لەلایەن نوخبەی سیاسیی دەسەڵاتدار لە بەغدا نەك هەر قبوڵ نەكرا و بە پێی دەستوور كاری پێ نەكرا، سەرباری ئەوەیش چەندین بارگرانیی بۆ هەرێم دروست كرد و بودجە و مووچە بڕینی لێكەوتەوە و هەڕەشە و چاوسووركردنەوەیشی بەدواداهات لەسەر مافە نیشتمانییە سروشتییەكانی گەلی كوردستان كە لە ماددەی 140 ی دەستوردا پەسەندكراون. بەم لێكدانەوەیە ئیتر فیدرالییەتیش وەكوو ئامانجێكی راپەڕین كە بۆ سەرووتر لە ئۆتۆنۆمی هەیبوو، كۆتایی هات. تەنانەت لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا فیدرالییەت خێری نەما و وەرگەڕا بۆ زیان بۆ گەلی كوردستان و بووە كۆسپ لەبەردەم سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستان. لە شەڕی دژی داعشدا پەیوەندی فیدرالی هەرێم و بەغدا نەك خزمەتی بە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی داعش نەكردووە بەڵكو زوربەی جاران زیانیشی پێگەیاندووە، چونكە بە ناوی فیدرالییەتەوە كە هەرێمی كوردستان لكێنراوی بەغدایە و خودان سیادە نییە، بەشێوەیەكی ئاسایی و خێرا و بە پێی پێویست چەكی ئەم شەڕە دژوارەی پێنەگەیشتووە و لە بەغدا كۆسپ خراوەتە بەر گەیشتنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان. لە رووی دیبلۆماسی و ئابووری و وزەیشەوە هەمان ئەو كۆسپ و تەگەرانەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە.

لەم قۆناغە كە هەموو كارەكتەرە هەرێمایەتی و جیهانییەكان بەو راستییە گەیشتوون كە دەبێ نەخشەی سایكس بیكۆ كۆتایی بێت و سەرلەنوێ نەخشەی جیۆپۆلیتیكی ناوچەكە دابڕێژرێتەوە، نابێ گەلی كوردستان خۆی لە ئامانجی فیدرالیدا قەتیس بكات. بەڵكو دەبێ بەسوودوەرگرتن لەو گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە سەقفی ئامانجی بۆ سەرووتر لە فیدراڵی هەڵبكێشێ كە سەربەخۆییە.

لەم عێراقەدا كە پێكهاتەكانی هەموو شێوازەكانی پێكەوە كاركردن و حوكمڕانیان تاقی كردەوە و سەركەوتوو نەبوون و بەردەوام گەڕاونەتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم كە خۆسەپاندن و شەڕ و ماڵوێرانی بووە. كە جیهانیش زانبێتی نەخشەی ئەم ناوچەیە ناتوانێ ئەم دژانە كۆ بكاتەوە و دەبێ بگۆڕدرێ، كەواتە كاتی هاتووە كە فیدرالییەت كۆتایی پێ بێت. جا ئەگەر گەلی كوردستان ئامانجێكی دیكەی لەسەرووی فیدرالییەوە نەبێت، ئەوسا كۆتاییهاتنی فیدرالی شتێك لەسەرووی خۆی بەرهەمناهێنێ بەڵكو لە خوار خۆی دووبارە دەكاتەوە و هەرێمی كوردستانیش وەكوو چەند پارێزگایەك دەلكێنەوە بە بەغدایەكی سەنترالەوە.

بۆیە لەو ساتەوەختەدا كە فیدرالییەت بە شێوەیەكی حەتمی كۆتایی هاتووە، سەربەخۆیی بۆتە ئامانجی نوێی راپەڕین و ستراتیژ لە دیدگای سەرۆك بارزانیدا.
لە هەموو ئاستەكاندا رۆڵەكانی راپەڕین و كایەكانی راپەڕین و كارەكتەرە رەسەنەكانی راپەڕین ئیش بۆ سەربەخۆیی دەكەن وەكوو ئامانجێكی نوێی راپەڕین.





ئەم هەواڵە 2848جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
سامسۆنگ گاڵتە بە ئەپڵ دەکات
ژیانی خۆی کردە قوربانی سەرشێتیەک
خراپی لێ قەوما
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad