English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك بارزانی: به‌ته‌بایی و یه‌كڕیزی كێشه‌كان باشتر چاره‌سه‌ر ده‌بن
2020-07-30 [09:27 AM]

ZNA-هەولێر


سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامێكیدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی پیرۆزی قوربان ده‌ڵێت: له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌ددیات و ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌، ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه‌ كه‌ به‌ ئاراسته‌ی ته‌بایی و برایه‌تی و كاری هاوبه‌ش و قووڵكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان هه‌نگاو بنێین، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر سوپاسگوزاری خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستانم كه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كان ته‌حه‌مولی سه‌ختی و ته‌حه‌ددیاته‌كانیان كردووه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی –یه‌ ..  

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی پیرۆزی قوربان گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و هه‌موو جیهان ده‌كه‌م. پیرۆزبایی له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هه‌موو هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م و هیوادارم ئه‌و جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خۆشی و به‌ره‌كه‌ت و ئاشتی له‌ كوردستان و عێراق له‌ ناوچه‌كه‌مان.

له‌كاتێكدا پێشوازی له‌و جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ ده‌كه‌ین كه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ته‌حه‌ددیاتی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابووری و ته‌ندروستی ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌. ئه‌و ته‌حه‌ددیاته‌ سه‌رچاوه‌ی زۆرێك له‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ن كه‌ سه‌قامگیریی سیاسی و بار و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌نه‌ ئامانج.

له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌ددیات و ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌ ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه‌ كه‌ به‌ ئاراسته‌ی ته‌بایی و برایه‌تی و كاری هاوبه‌ش و قووڵكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان هه‌نگاو بنێین. وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر سوپاسگوزاری خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستانم كه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كان ته‌حه‌مولی سه‌ختی و ته‌حه‌ددیاته‌كانیان كردووه‌، جه‌ژنی پیرۆزی قوربانیش به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم كه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بكه‌م كه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی وڵات و بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان و تێپه‌ڕاندنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا دابنیشن.

ئه‌وه‌یشمان هه‌رده‌م به‌بیر بێت كه‌ به‌ته‌بایی و یه‌كڕیزی كێشه‌كان باشتر چاره‌سه‌ر ده‌بن و له‌سایه‌ی پێكه‌وه‌یی و یه‌كڕیزیدا ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ بۆ گه‌له‌كه‌مان هاتوونه‌ته‌ دی. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستانیش هه‌ر ئه‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن. بۆیه‌ داوا ده‌كه‌م هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ئاست چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستاندا بن و له‌ هه‌مانكاتیشدا ڕه‌چاوی فه‌رهه‌نگی باڵا و ده‌وڵه‌مه‌ندی كورده‌واری بكه‌ن و خۆیان له‌ گوتاری زبر و گرژ و ناشیاو له‌ به‌رانبه‌ر یه‌كتر بپارێزن.

له‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی سوپاسی ماندووبوونی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پێشمه‌رگه‌ و ئاساییش و پۆلیس و ڕاگه‌یاندنه‌كان بكه‌م كه‌ له‌و كاته‌ی په‌تای كۆرۆنا ڕووی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵك و جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و هۆشیاریی ته‌ندروستی ئه‌رك و شه‌ونخوونیی زۆریان كێشاوه‌.

جه‌ژنی هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت و هیوای به‌خته‌وه‌ری و خۆشیتان بۆ ده‌خوازم.

مسعود بارزانی

30ـی 7ـی 2020





ئەم هەواڵە 277جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad