English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
راگەیاندراوێک لە بەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
2020-08-04 [08:28 AM]

ZNA-هەولێر


 

شەش ساڵ بەر لە ئێستا تیرۆریستانی داعش پەلاماری دەڤەری شنگال و كوردستانیان دا و تاوانی دڕندانەیان بەرانبەر خوشك و برا ئێزدییەكانمان لەو دەڤەرەدا ئەنجام دا.

جێگەی داخە كە دوای تێپەڕینی شەش ساڵ لە بابەتی ئەو كارەساتەدا هێشتا گوێمان لە موزایەدات و لێكدانەوەی ناحەق و بێویژدانانە دەبێ كە ئامانجیان لێ لەكەداركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و كەمبایەخكردنی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەیە.

لە وەڵامی ئەو موزایەدات و ناحەقییەدا دەڵێین، هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت كە ئەگەر كار گەییشتە بەرگریكردن و شەڕ لەپێناو كوردستان، ئەوە پارتییە شەڕی دوژمن و ناحەزانی كوردستان دەكات و شانیش دەداتە بەرپرسیارێتی و خۆی بە خاوەنی سەركەوتن و شكستەكان دەزانێت. سرووشتی شەڕیش وایە كە سەركەوتن و شكست و پاشەكشێ و شەهیدبوون و قوربانیدانیشی تێدایە.

لە سەرەتاكانی شەڕی داعشدا هێزی پێشمەرگە چەكی پێویستی لەبەردەست نەبوو. عێراق ئابڵۆقەی چەكی خستبووە سەر پێشمەرگە و ئەمەریكایش ڕێگەی نەدەدا وڵاتان چەك بفرۆشنە پێشمەرگە. كەچی داعش چەك و ئیمكانیاتی سوپاكانی دوو دەوڵەتی سووریا و عێراقی كەوتبووە دەست.  لەكاتی داگیركردنی شنگالدا لە لایەن داعشەوە لە 3ـی ئابی 2014 پێشمەرگە تەنیا چەكی سووكی لەبەردەست بوو. شنگالیش حەفتا كیلۆمەتر لە هەرێمی كوردستان دوور بوو و ئەو ڕێگە سەرەكییانەی هەرێمی بە شنگالەوە دەبەستەوە لە لایەن بەشێك لەو هۆزە عەرەبانە گیران كە دەستیان لەگەڵ داعش تێكهەڵ كردبوو و ڕێگە بۆ چوونی هێزی پشتیوانی بۆ شنگال لە ماوەیەكی زۆر كەمدا گیرا، ئەو كات ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانانیش لەناو شەڕدا نەبوون كە بتوانن یارمەتیی پێشمەرگە بدەن.

لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو پێشمەرگانەی لە چیا لەگەڵ خەڵكی شنگالدا مانەوە قارەمانانە چیای شنگال و شەرفەدینیان لە پەلامارەكانی داعش پاراست و ڕێگەیان نەدا دەستی داعش بگاتە سەدانهەزار خەڵك كە پەنایان بۆ چیای شنگال بردبوو.

لە 3ـی ئاب كە داعش شنگالی گرت هەتا 14ـی ئابی 2014 پێشمەرگە خەڵكی پاراست و قوربانیشی دا و زۆر لەو كوردە ئێزیدیانە ڕزگاركران و بۆ هەرێم گواسترانەوە و دەستی داعش نەگەییشتە یەك كەسی كوردی ئێزدیش. بەڵام كارەساتەكە كاتێك بوو كە لە 14ـی ئاب ژمارەیەك كوردی ئێزیدی لەسەر بەڵێنی هەندێ هەلپەرست و سەرۆك هۆزە عەرەبەكان كە بەڵێنیان دابوو داعش ئازاری هیچ كەس نادات، لە چیا هاتنە خوار و هانی بەشێك لە كوردە ئێزیدییەكانیان دا كە بۆ ناوچەكانیان لە باشووری شنگال بگەڕێنەوە. پاش ئەوەی گەڕانەوە و كەوتنە دەست داعش، داعش و هۆزە عەرەبەكان پشتیان لە بەڵێنەكەیان كرد و تاوان و زوڵمی زۆر گەورەیان لەدژی هاووڵاتیانی كوردی بێتاوانی ئێزدی ئەنجام دا كە لەسەر بەڵێنی ئەوان گەڕابوونەوە.

دوای ئەو كارەساتە و موزایەدات و دوژمنكاریی نێوخۆیی لەدژی پێشمەرگە، سەرۆك بارزانی خۆی سەرپەرشتیی بەرەكانی شەڕی كرد و بەڵێنی ئەوەی بە كوردانی ئێزدییدا كە لە ماوەی كەمتر لە سەت ڕۆژ ڕێگەكانی دەڤەری شنگال و چیای شنگال ئازاد بكات و سەری داعشەكان دەكەوێتە ژێر پێی ئێزدییەكان. سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە بەڵێنی خۆیان بردە سەر و چیای شنگال و ئەو ڕێگانەی هەرێمیان بە دەڤەری شنگال دەبەستەوە بە تەواوەتی ئازاد كران، ئێستا ئێمە بەو موزایەدەچییانە دەڵێین كە ئەو كاتانەی پێنجسەت پێشمەرگە گیانی خۆیان بۆ شنگال كردە قوربانی ئێوە لە كوێ بوون؟

ئێوە لە كوێ بوون كە بست بە بستی دەڤەری شنگال بە خوێن و قارەمانێتی ئازاد كرا؟ ئێوە لە كوێ بوون كە پێشمەرگە قارەمانانە تۆڵەی لە داعش كردەوە و ئەفسانەی داعشی شكاند و سەری داعشی خستە ژێر پێی كوردانی ئێزدی؟ بە موزایەدەچییەكان دەڵێین پارتی شەڕ دەكات و بەرگری دەكات و خاوەن بەڵێنی خۆیەتی. ئێوەیش تەنیا موزایەدە و بوختان هەڵبەستن و قسەی بەتاڵتان بۆ ماوەتەوە.

بەشی ڕۆژنامەوانیی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
 پارتی دیموكراتی كوردستان

4ـی 8ـی 2020





ئەم هەواڵە 2542جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad