English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پۆمپیۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین و ڕوسیا سەردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکات
2020-08-11 [03:04 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی کۆماری چیک دەکات هاوکات سەردانی چوار وڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ده‌كات، چاوەڕوان دەکرێت مایک پۆمپیۆ لە کۆبوونەوەکانیدا تیشك بخاتە سەر ئەو مەترسیانەی چین و ڕوسیا بۆ سەر ناوچەکە هەیانە.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوکاتە لەگەڵ توندوتیژییەکانی پاش هەڵبژاردنەکەی بیلاروسیا و ئەو مەترسیانەشی بۆ پاشەکشەکردنی دیموکراسی هاتوونەتە ئاراوە.

ڕوسیا و چین جموجۆڵێکی زۆریان لەو ناوچەیەدا هەیە و هەوڵی ڕۆڵبینین و کاریگەری لە تەواوی کیشوەری ئەوروپادا دەدەن، بە تایبەتیش لە بوارەکانی وزە و ژێرخان و پەیوەندییەکانیشدا، ئەمەش ئەو ئاڕاستەیەیە کە ئەمریکا بەرەنگاری دەبێتەوە.

مایک پۆمپیۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانەکەی لە شاری پیلسن لە کۆماری چیک، دەستپێکرد، پێشدەچێت لە وتوێژەکانیدا لەسەر بڕیاری بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا ڕووبەڕووی ژمارەیەک پرسیار ببێتەوە.

سەرۆک ترامپ دەخوازێت هەزاران سەربازی ئەمریکا لە بنکەکانی ئەڵمانیا بکشێنێتەوە و بەشێکیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دابنێت، لەوانە پۆڵەندا، کە دەبێتە دوا وێستگەی ئەم سەردانەی مایک پۆمپیۆ.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی وڵاتی نەمسا دەکات، بەڵام لە بەرنامەیدا نییە سەردانی ئەڵمانیا بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ ڕۆژی چوارشەممە لە پراگ لەگەڵ میلۆس زیمان، سەرۆکی چیک و ئاندریە بابیس، سەرەک وەزیر کۆدەبێتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر بوارەکانی وزەی ناوکی و هەروەهاش وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارە قێزەونەکانی ڕوسیا و چین."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وزە و ڕەوشی سیاسی لە ناوچەی باڵکان بە پلەی یەکەمە لە کارنامەی مایک پۆمپیۆ لەگەڵ بەرپرسانی سلۆڤانیا لە لیوبلیانا.

لە ڤیەننا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سیباستیان کورتس ڕاوێژکاری نەمسا کۆدەبێتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکان و هەروەهاش ئاسایشی ئەو ناوچەیە.

مایک پۆمپیۆ، لەگەڵ سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیشدا کۆدەبێتەوە. یەکێک لە ئەرکەکانی ئەم دەزگایەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناوکییەکەی ساڵی 2015 ئێرانە کە ئەمریکا لێی کشایەوە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ لە هەوڵدایە بۆ قایل کردنی ئەندامانی تری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تا گەمارۆی چەک لەسەر ئێران درێژ بکرێتەوە. ئەو گەمارۆیەی سەر ئێران لە مانگی 10دا وادەکەی تەواو دەبێت بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنە ناوکییەکە.

لە وارشۆ، مایک پۆمپیۆ لەگەڵ ئاندرێ دودا، سەرۆکی پۆڵەندا کۆدەبێتەوە.

 

voa





ئەم هەواڵە 6391جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad