ZNA-هەولێر كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە چۆنێتیی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ، سەرچاوەیەکی وەزارەتی داراییش دەڵێت 50%ی پارەی مووچەی فەرمانبەران ئامادەیە.
كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران كە پێشنیوەڕۆ لە رێگای ئۆنلاینەوە دەکرێت تایبەت دەبێت بە چۆنێتی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت، ئایا دابەشكردنی مووچە مانگی 3 وەك مووچەی مانگی 2 بە بڕینی 21% دەبێت، یاخود مووچەی تەواو دابەشدەكرێت.
پێشتر بە فەرمانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارای و ئابووریی هەرێمی كوردستان، نووسراوێك ئاراستەی فەرمانگەكانی حكومەت كردبوو كە لیستی مووچەیان بە بڕینی 21% بۆ بنێرن، بەڵام دواتر كاركردن بەو نووسراوە راگیراو چاوەڕێی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران كرا.
رۆژی 21ی حوزەیرانی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لەبارەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەركرد بەپێی بڕیارەكە بەشێوەیەكی گشتیی زۆربەی فەرمانبەران 21% مووچەكانیان كەمكرایەوە.
ئەم هەواڵە 4168جار خوێندراوەتەوە |