English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەکتەبی سیاسی پارتی : حەفتاو چوار ساڵ لەمەوبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەناوی شکست و نائومێدی گەلی کوردستان دامەزرا
2020-08-15 [05:59 AM]

ZNA – ھەولێر 




بەیاننامەی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە حەفتاو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا

ھاووڵاتیانی خۆراگری کوردستان
پێشمەرگە جوامێرەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
کادر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری تێکۆشەری پارتیمان...

حەفتاو چوار ساڵ لەمەوبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەناوی شکست و نائومێدی گەلی کوردستان لە دوای جەنگی دووەمی جیھانی دامەزرا و، توانی لە ‌ناو شەوە زەنگی نائومێدیدا چرای ئومێد بۆ گەلی کوردستان دابگیرسێنێتەوە، ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیشەوە بووبەو میبنەرەی کە دوور لە ‌دیاردەی ناوچەگەری و جیاوازی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی ‌و ئایینی، چوارچێوەیەکی نیشتمانی بۆ وجودی کوردبوون و کوردستانی بوون دروست بکات و، ببێتە ئەو رەشماڵەی کە تەواوی کوردستانیان بە جیاوازییەکانشیانەوە  پێکەوە کۆبکاتەوە.
پارتی جیا لەوەی بە ئیلھامی فیکری رابەری نەتەوەیمان مستەفا بارزانی و سروشتی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نەتەوە ‌و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان، بەھاوکاری کۆمەڵێک رۆشنبیر و سیاسی تێکۆشەری گەلەکەمان، رێبازی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی دارشت، لە ھەمانکاتدا پارتی بەرھەمی ھەموو ئەو ئەزموونە کەڵەکەبوانەبوو کە رێبەرەکەی لە شۆرشە جیاوازەکانی کوردستان و بەشداریکردنی لە کۆماری کوردستان لەگەڵ ھەڤاڵەکانی بەدەستیان ھێنابوو، ھەر بۆیە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی، قۆناغێکی تازە بۆ بیرکردنەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی لەسەرتاسەری کوردستاندا ھاتە ئاراوە و، زەمینەیەکی ئەوتۆی دروستکرد کە لەناو جیاوازی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی و ئایینیدا، ئیرادەیەکی نیشتمانی ئەو تۆ بێتە بوون کە ھەر ھاونیشتمانیەکی کوردستان لە چوارچێوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا ھەست بەبوون و شکۆی خۆی بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرەتای دامەزراندیەوە مەبەستی بوو بە کۆکردنەوەی ھەموو تواناکان ھێزبداتە ھاوڵاتیان و مافەکانیان و، رێگەی ئاشتی و دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ھاوبەشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەیەکی راست زانیووە، ھەر لەم روانگەیەشەوە بوو، پارتی و رێبەرەکەی ، پێشوازیان  لە شۆرشی چواردەی تەمموزی ١٩٥٨ و دەستوورە کاتیەکەی کۆماری عێراق کرد، کە تیایدا راشکاوانە دانیان بەوەدا نابوو (عێراق نیشتمانی ھاوبەشی کورد و عەرەبە)، بەڵام کاتێک لایەنی بەرامبەر لەمە پاشگەزبووەوە، ئەوا پارتی رابەرایەتی شۆرشی مەزنی ئەیلوولی کرد و ماوەی ٩ ساڵ لە خەباتی چەکداری و دانوستاندنی بەردەوامدا بوو ‌تا ریککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ئیمزا کرا و، لەناو بەندەکانی رێککەوتنەکەشدا مافی ھاونیشمانیانی کوردستان بە تەواوی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانیەوە چەسپێنرا. ئەمەش ھۆکاری ئەوەیە کە لەسەرەتاوە ھەتا ئێستاش جوگرافیای کوردستان لەناو سەر‌کردایەتی و کۆی رێکخستنەکانی پارتی رەنگدانەوەیەکی دیارو بەرچاوی ھەیە.
لەدوای پیلانگێڕی دەوڵەتانی ئیقلیمی و پشتیوانەکەنیان و، نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ ، پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەموو تواناکانی خۆی خستەگەڕ و جارێکی دیکە سەنگەرەکانی بەرگری لە شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا ئاوەدانکردەوە و، لەناو ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز و  فرەحزبی ‌ کوردستانیشدا، توانی ئیرادەیەکی نیشتمانی دروستبکاتەوە بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان، بیگومان ئەمەش لە دامەزراندنی بەرەی جود و دواتریش بەرەی کوردستانییەوە ھاتە ئاراوە، ئەو بەرەیەی پێشڕەوایەتی راپەرینی ساڵی ١٩٩١ ی گەلەکەمانی کرد و ھەنگاوی بۆ ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵگرت، کە ئەمانەش سەرەتای گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگێری بۆ شەرعیەتی یاسایی و، ھەنگاوی یەکەمی دیموکراتیزەکردن و بیناکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بوون.
ئەزموونی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لەبەر کۆمەڵێک ھۆکاری بابەتی و زاتی بێ کەموکورتی نەبووە، بەڵام بەردەوامی و پاراستن و سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە بووبە ھۆکاری سەرەکی داننان بە قەوارەی شەرعی و دەستووری ھەرێم لە دوای رووخانی رژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و، نووسینەوەی دەستوری عێراقی فیدراڵدا، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگی دیکە بوو بۆ گەلەکەمان ھاتەدی، ھەر بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان وێرای ئەوەی کە بە ھەموو شێوەیەک داکۆکی لەمافە دەستوریەکانی گەلی کوردستان دەکاتەوە، لە ھەمانکاتدا بە ئیلھام وەرگرتن لە فەلسەفەی دامەزراندیەوە ھەموو ھەوڵێکیشی خستۆتە گەڕ بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێو ماڵی کوردستانی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسیەکان، بۆ ئەوەی ھەمووان پێکەوە ئەم کیانە بەڕێوەببەین و بپارێزین و، داکۆکی لەمافە ‌رەواکانی گەلی کوردستان بکەین.
ھەڤاڵانی تێکۆشەر
بارۆدخی سیاسی ئێستای جیھان و ناوچەکە و عێراق، باردۆخێکی ناسەقامگیر و ئاڵۆزە، بەشێکی بەھۆی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە لە ھاوکێشە سیاسییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان ھاتوونەتە ئاراوە و، بەشێکیشی بەھۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە،  کە لە ھەردوو باردا کوردستان بەشێکە لەو واقیعە و دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ھاوکێشە ئاڵۆز و قەیرانە ھەمەجۆرانەدا بکات، ستراتیژییەتی سەرۆک مسعود بارزانی  و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە لەسەر ئەو بنەمایە داریژراوە و، لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کۆی قەیران و ھاوکێشە ئیقلیمی و نیودەوڵەتیەکان دەکات، ھەوڵەکانی پارتی بۆ ئەوەیە ھەموو تواناکان یەکبخرێن لە پێناو پاراستنی شکۆ و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و، کیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان، لەم پێناوەشدا سازش لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ھەرێم و ھیچ مافێکی گەلەکەمان نا‌کەین و، بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجانەش ھەموو ھەوڵێک خراوەتە گەر بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکر‌ێن و بگەینە چارەسەرێکی گشتگیر و رێککەوتنێکی پتەو، ھەروەھا لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی ھەرێمیش لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەوڵەکانمان بەو ئاراستەیە بوون کە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی دوولایەنەی ھاوبەش پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانی ھەرێم ھەبێت و رێگە نەدەین دەست لەکاروباری ناوخۆی ھیچ لایەک وەربدرێ، بۆ ئەمەش ھەموو رێگەیەکمان گرتۆتەبەر و سەرەڕای ھاوسۆزشیمان بۆ چارەسەری کێشەکان لە رێگای ئاشتی و بە شێوەیەکە دیموکراتیانە و دیالۆگ، داواشمان لە تەواوی لایەنە سیاسیەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کردووە کە ریز لە سەروەریی ھەرێمی کوردستان بگرن و بیانوو نەدەنە دەوڵەتە ھاوسێکانی ھەرێم، لەبەر ئەوەی ئەم کیانە سیاسیە جێگەی ئومیدی ھەموو تاکێکی کوردستانە لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانە بێت.
ھاووڵاتیان ئازیزی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان دڵنیایە ئەگەر قوربانیدان و خۆارگری خەڵکی قارەمانی کوردستان نەبوایە ئەم دەستکەوتانە بەدەست نەدەھاتن و، ئێستایش بە پشتیوانی ئێوە نەبێ ناتوانرێت قەیرانەکان تێپەرێنرێت و، کیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، لەمڕۆماندا کە بەھۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ناسەقامگیری لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، قەیرانی ئابووری بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە و، کاریگەری لەسەر بژێویی و ژیانی رۆژانەی ھاوڵاتیان دروست کردووە، ھەموو ھەوڵەکان بۆ تێپەراندنی ئەم قەیرانانە لەگەڵ لایەنە کوردستانیە دڵسۆزەکان خراونەتە گەڕ بۆ پشتیوانیکردنی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی پرۆژەی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق، ھاوکات بەداخەوە ھەندێک دەنگمان گوێ لێ دەبێت کە لەپێناوی مەبەستی تایبەتی خۆیان ھەوڵدەدەن ئەم قەیرانانە بقۆزنەوە و پێگەی ھەرێمی کوردستان لەناو پرۆسەی سیاسی عێراق و ناوچەکەشدا لاواز بکەن، بەئامانجی دروستبوونی ناسەقامگیری سیاسی لەکوردستان و، ناچارکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێمدا کە سازش لەسەر مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستان بکات، بەڵام پشت ئەستور بە خۆراگری و قارەمانییەتی خەڵکی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدا ھەموو ھەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بەرێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستوور، دڵنیاییش دەدەین کە ھەرگیز لەسەر مافە رەواکان و بڕیار و خواستی گەلی کوردستان کە لە ‌پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا تەعبیریان لێکردووە، سازش ناکەین.
پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان
لەم بۆنەیەدا، بەپێویستی دەزانین سوپاسی رۆڵی جوامێرانەی ئێوەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بکەین کە لەماوەی چەند مانگی رابردوو ‌تا ئەمڕۆش شەونخوونی زۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکێشن و گیانی خۆتان خستۆتە مەترسیەوە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان سەلامەت بێ و نەبنە قوربانیی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە، لەم ئەرکە پیرۆزەشتاندا چەندین پزیشک و کارمەندی تەندروستی تووشی پەتای ئەم ڤایرۆسە بوون و، بەداخەوە ھەندێکیشیان گیانیان لەدەستدا، لێرەوە دوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ تووشبووان دەکەین و درود بۆ گیانی ئەو پزیشک و کارمەندانە دەنێرین کە لە پێناوی سەلامەتی گەلەکەیان گیانی خۆیان بە خشی. ھەروەھا داوا لە تێکرای ھاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین، پابەندی رێنمایە تەندروستیەکان بن و خۆیان بپارێزن لەم پەتایە کە پشتیوان بە خوا بەسەرکەتوویی لێی دەرباز دەبین، ھاوکات رۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و دامودەزگا ئەمنیەکانی ناوخۆی کوردستان بەرزدەنرخێنین کە لەم رووەوە و، بۆ ھاوکاری جێبەجێکردنی رێککارەکانی خۆپارێزی لە خۆبوردوانە ئەرکەکانیان ھاوتەریبی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەجێگەیاندوە.
ھەڤاڵان و جەماوەری سەربەرزی پارتیمان
لە یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکرتی کوردستان، جێگەی شانازییە بۆ تێکرای ئەندامان و جەماوەری پارتی کە پارتەکەتان پێش ٧٤ ساڵ بووبە ھەڵگری مەشخەڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و، ھەتا ئێستایش جێگەی متمانە و ئومێدی تێکڕای گەلی کوردستانە کە ئایندەیەکی گەشیان بۆ مسۆگەر بکات، ئەم شکۆیەی پارتی فەرزی کردووە لەسەرمان کە لەم یادەدا بەڵێن بۆ رێبەری نەتەوەیمان مستەفا بارزانی و کاک ئیدریسی ئەندازیاری ئاشتی و داڕێژەری بناغەی پێکھێنانی بەرەی کوردستانی و، تێکرای شەھیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان نوێبکەینەوە و، بەڵێن ‌بدەین پارێزەری ئەو ئامانجانەبین کە پارتی لە پێناویاندا دامەزراوە.
ھەر لەم بۆنەیەدا ، سەری رێز و نەوازش بۆ تەواوی شەھیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو دادەنەوێنین، سڵاو بۆ شەھیدانی ھێزی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنیەکانی کوردستان کە بە خوێنی خۆیان ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشیان بەتاڵکردەوە و بۆ جیھانیان سەلماند کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان مەحاڵ دەکاتە واقیع... سڵاو بۆ قارەمانیەتی ئەو پێشمەرگانەی رێگەیان نەدا قەوارەی ھەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر پۆستاڵی داگیرکەران... سڵاو بۆ یەکێتی ئافرەتان و بۆ ئەو شێرە ژن و دایکە شەھیدانەی ھەزاران قارەمان و رۆڵە جەربەزەیان  بۆ نەتەوەکەیان پەروەردە کردووە... سڵاو بۆ قوتابیانی سەرەڕمی شۆرش و لاوانی شورەی پۆڵاین.
سڵاو بۆ کادیر و ئەندامە خۆڕاگرەکانی پارتی کە وێرای جوامێریان لە رووبەرووبوونەوەی داگیرکەران و ناحەزانی کوردستان، بەرگەی باری سەختی ئابووریان گرتووە و سەلماندیان شکۆی نەتەوەیی لەسەرووی ھەموو شتێکی دیکەوەیە، ھەر ئەم دڵسۆزی وخۆراگریەشتانە ھێز و ئیرادەی بەردەوام بە پارتی دەبەخشێ تا بە ‌پشتیوانی گەلی کوردستان ھەمیشە رووبەڕوی تەحەدیەکان ببێتەوە و قەیرانەکان تێپەرێنێت.

ھەر شەکاوە بێت ئاڵای پارتی دیموکراتی کوردستان
بژی کورد بژی کوردستان...

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٦ی ئابی ٢٠٢٠

 





ئەم هەواڵە 3664جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad