English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئافرەت لەسایەی دیدی نیمچەئاگای ئێمە
2016-03-09 [07:44 AM]

ھەولێر (ZNA) - ڕووانینێکی ناخبینانە لە بنەچەی وشەکانی (ژن:woman) و (مێیینە:female) و (ھاوسەر:wife)




وشەی (woman) لە (wifman)ەوە ھاتووە، لە ئینگلیزی کۆن پێشگری (wif) مانای (ئافرەت)ی داوە؛ بەشەکەی تریشی بریتییە لە (man) کە مانای (پیاو) دەدات. واتە وشەی (woman) دەبێتە (ئافرەتی پیاو). کەواتە تەنھا وشەی (wif) بەس دەبوو. وشەی (wif) بنەچەیە بۆ (wife) کە ئەویش چیتر مانای ئافرەت نادات، بەڵکو چەمکێکە بۆ مێیینەیێکی خاوەن ھاوسەر، بنەچەی (wif)یش مانای (داپۆشراو) یان (پێچراو)ی بەخشیوە؛ کە بەرەو مێژووی کۆنتری وشەکە دەچیت، مانای خراپتری وەک (عەیب و عار) یان (عەورەت)ی داوە. وەک بڵێی ئینگلیزە کۆنەکان سەلەفی بووبن.
ڕەنگە (مێیینە:female) یەکێک بێت لەو وشانەی کەمێک لە ناحەقییەکەی سەرەوە دەربازی بووبێت؛ بەشی (male)ی کۆتایی وشەکە لە (نێر:male)ەوە نەھاتووە. وشەکە (femina) بووە، بەڵام دیسان کەوتۆتە ژێر کاریگەری (male) و لە (femella)ەوە بووە بە (female). بنەچەی ھەرە کۆنی وشەکە مانای (شیردان) یان (بەپیتی) بەخشیوە.
وابزانم زۆر ئاسانە مرۆڤ لەم بەکاڵاکردنەی ئافرەت تێ بگات، ئەمە لەڕووی زمانەوە، کە بە دەربڕینەکانی، ڕاستەوخۆ وێنای ناخی مرۆڤمان بۆ دەکات. پیاوسالاری زمانیشی گرتۆتەوە، ئێمەش ھەر دەڵێین "زمانی دایک".
پەرەسەندن ئەرکی بەکاڵاکردنی ئافرەتی کێشاوە
ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەشێوەیەکی سروشتی خزاوەتە نێو ناخمان. خەتاکەش لە زمان و کۆمەڵگا و ئایین و سیاسەت و کلتوور نییە. ئەمە خۆی لە کۆندا ھەر کێشە نەبووە. دەکرێت پەرەسەندنی زیندەیی ڕۆڵی کاریگەری لە سەپاندنی پیاو بەسەر ئافرەتدا ھەبووبێت. مرۆڤ پێش ئەوەی ھەر ویستێکی ھەبێت، ویستی نانەوەی وەچەی ھەیە. بەھێزتربوونی پیاو لە ئافرەت، لەڕووی جەستەییەوە، ھاندەرێکی کاریگەرە بۆ وەچەنانەوە. سەیرکردنی ئافرەتیش وەک کێلگەیێکی دانەوێڵە بۆ وەچەی نوێ دەرئەنجامی پەرەسەندن بووە و خزیوەتە نێو بیرکردنەوەمان، لەوانەیە لەبەر ئەمەش بێت کە ئەمڕۆ من و تۆ ھەین.
بەڵام ئەم ڕێچکەی بیرکردنەوەیە گەر بۆ سەردەمێکی سەرەتایی مرۆڤ پێویست بووبێت، چیتر بۆ ئەم ڕۆژگارە دەست نادات. ئێمەش گەر مەبەستمانە ڕووبەڕووی ئەم ویستە زگماکییە ببینەوە، دەبێت مەعریفەیێکی زانستی فراوان بڵاو بکەینەوە، لەسەر ئاستێک کە گشت تاکێکی کۆمەڵگا تێیدا بکوڵێت. ئەمەش بە ھاندان و ڕێخۆشکردن بۆ ئافرەت دەبێت، لە بوارەکانی ئەکادیمی و لێکۆڵینەوە و سیاسی و کۆمەڵایەتی؛ ئیدی ئەمە بە یاسایێک بێت یان بە وتەیێکی ھاندەر.
دەکرێت نموونەی ئەمە لە ئاینشتاینەوە فێر ببین. کاتێک مێری کیوری ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرێت، تەنھا لەبەر ئەوەی ئافرەت بووە، ئاینشتاین دڵی دەداتەوە و دەڵێت: "زۆر تامەزرۆم پێت بڵێم چەندە خۆشیم لە زیندییەتی و ڕاستگۆیی و زرنگی ھزرت دێت و، خۆشم زۆر بە خۆشبەخت دەزانم کە لە نزیکەوە تۆم ناسیوە." کیوری یەکەم کەس بوو خەڵاتی نۆبڵ لە دوو بواری جیادا، لە فیزیا و کیمیا، بباتەوە.

نووسین و ئامادەکردنی 
سوبحانی ئەیوب 
 





ئەم هەواڵە 3391جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
خەونی ھەمو ئافرەتێک , کەسێکی ئاوای ھەبێت
ھەڵوێستێکی جوانی محەمەد سەڵاح
خاڵ بەدەستھێنان ئاوا دەبێت
زۆر خراپ دەکەوێتە خوارەوە
لە قافا گیرا
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad