ZNA - ههولێر
روانگهی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، چەند شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بههۆیهوه 16 چەکداری سەر بە ئێران کوژراون، وتیشی، لەو بڕوایەدان هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی ئیسرائیلیـیەوە ئەنجام درابێت.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگهكه بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوتوه بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە هێرشەکان کراونەتە سەر بارەگاکانی حزبوڵڵای عێراق لە دەوروبەری شاری مەیادین و بارەگایەکی حەشدی شەعبی عێراق لە باشوری شاری بوکەمال لە پارێزگای دێر ئەزور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
عەبدولڕەحمان گوتی بە لایەنی کەم 16 چەکدار کوژراون، لەوانە حهوت چەکداریان لە حزبوڵڵای عێراق بوون. هەروەها سێ ئۆتۆمبیل تێکشکاون و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی وێرانکراوە.
گوتیشی لەو بڕوایەدان هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی ئیسرائیلیـیەوە ئەنجام درابێت.
کۆمەڵەکە لەسەر تویتەرەکەشی ڕاپـۆرتێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت پـێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زیاتربن بەو پـێـیەی هەندێک لە بریندارەکان برینەکانیان قورسە.
چەند کاتژمێرێک بەر لەو بۆردومانانە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردبووە سەر فڕۆکەخانەی T4 ی لەشکری لە پارێزگای حومسی ناوەڕاستی وڵاتەکە.
ئاژانسی سانای حکومەتی سوریا ڕاگەیاندنێکی لەشکری وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، دەڵێت لە کاتژمێر 10:23 ی شەوی ڕابردوو فڕۆکەی ئیسرائیلی موشەکی گرتووەتە فڕۆکەخانەی T4 و بەرگری ئاسمانی سوریا زۆربەی موشەکەکانی تێکشکاندووە. دەشڵێت هیچ زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانەکان مادی بوون.
چاودێران دەڵێن دیمەشق کە هەتا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی لەشکری لە بەرامبەر بۆردومانەکانی ئیسرائیل نەبووە، زۆر جار زیانەکانی ئاکامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلی شاردووەتەوە.
ئیسرائیل کەم جار ئاماژە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دەکات، بەڵام بەردەوام هوشداری بە حکومەتی سوریا دەدات کە هەرگیز ڕێگە بە ئێران نەدات بوونی لەشکری بەردەوامی لە سوریادا هەبێت و چەکی پـێشکەوتوو ڕەوانەی حزبوڵڵای لوبنان بکات لە ڕێگەی سوریاوە.
voa
ئەم هەواڵە 13357جار خوێندراوەتەوە |