ZNA - ههولێر
یەكێتی ئەوروپا، بڕی 120 ملیۆن دۆلار وەك ھاوكاری و پەرەپێدانی توانای گەنجان بۆ ھەرێمی كوردستان تەرخان دەكات، بۆ ئەم مەبەستە لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە ھەولێر و یەكێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگی ھەردوولا پڕۆژەكە ئەنجامبدرێت، كە رەخساندنی ھەلی كار و بەھێزكردنی كەرتی تایبەت لە خۆدەگرێت.
كاروان سورچی، گوتەبێژی یەكێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر رایگەیاند: "گفتوگۆمان لەسەر ئەوە كردووە لە داھاتوودا خولی راھێنان بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان ئەنجامبدەین، بۆ ئەوەی ئەوانەی بێكارن لە داھاتوودا ھەوڵی ئەوەبدەن ببن بە خاوەن پڕۆژەی خۆیان".
ئاماژەی بەوەشدا: "لە بەرنامەدا یەكێتی ئەوروپا بە ھاوكاری ژووری بازرگانی ھەرێمی كوردستان بڕێك پارە وەك قەرز بداتە ئەو گەنجانە، بۆ ئەوەی پڕۆژەی پێ ئەنجامبدەن".
یەكێتی ئەوروپا ئامانجیەتی لەگەڵ رێكخراوە ناحكوییەكانی ھەرێمی كوردستانیش ھەماھەنگی ھەبێت، چونكە پڕۆژەكە زیاتر خزمەتكردنی زیاتری گەنجانە، بەتایبەت ئەوانەی لە بوارە جیاجیاكاندا بەھرەیان ھەیە.
ئەم بڕە پارەیە وەك مینحەیەكە ساڵانە یەكێتی ئەوروپا لە وڵاتە جیاوازەكاندا لە بواری پەرەپێدان بەكاری دێنێت، ئەمەش وەك پشتیوانیكردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پرۆسەی چاكسازی و رەخساندنی ھەلی كار بۆ گەنجان و بەھێزكردنی كەرتی تایبەت.
K24
ئەم هەواڵە 9823جار خوێندراوەتەوە |