ZNA ــ هەولێر زانا بەریتانییەکان دەڵێن نەمانی حەزی خواردن لای منداڵان رەنگە یەکێک بێت لە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا .
بەگوێرەی رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کە سێیەکی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵییەوەیە و تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەلمێنراوە حەزی خواردنیان لەدەستداوە جگە لەوەی هیچ کام لە نیشانە کلاسیییەکانی نەخۆشییەکەیان لەسەر دەرنەکەوتووە .
تیمی زاناکانی کۆلێژی کینگ کۆلیدج لەندەن لەڕێگای ئەپێکی مۆبایلەوە کە ناسراوە بە "شوێنپیهەڵگرتنی نیشانەکانی کۆڤید-١٩"، چاودێری نیشانەکانی سەدان منداڵی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان کردووە .
زاناکان سەرنجیانداوە کە زیاتر لەنیوەی تازەپێگەیشتووان ( ٥٢٪) هیچکام لە نیشانە کلاسیکییەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێیان لەسەر دەرنەکەوتووە ، وەک کۆکەی بەردەوام و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و لەدەستدانی هەستی بۆنکردن .
هەروەک بەپێی داتاکان سێیەکی منداڵەکان دوورو نزیک هیچکام لەنیشانەکانی نەخۆشییەکەیان لەسەر دەرنەکەوتووە، ئەوەش پشتراستکردنەوەی ئەنجامەکانی پێشووترە کە دەڵێت منداڵان بەدەست نیشانەکانی ڤایرۆسەکەوە ناناڵێنن .
لەلایەکی ترەوە ، پێنج دیارترین نیشانە سەرەکییەکانی تووشبوونی منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵی بریتی بوون لە ماندووبوون، سەرئێشە تا هەوکردنی قوڕگ و لەدەستدانی حەزی خواردن .
بەڵام گرنگترین نیشانەکانی تووشبوونی کەسانی رەسیو (پێگەیشتوو) بریتی بووە لە سەرئێشە، لەدەستدانی هەستی بۆنکردن، کۆکەی بەردەوام، هەوکردنی قوڕگ .
ئەم هەواڵە 9550جار خوێندراوەتەوە |