English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حەسەن روحانی: هەندێک وڵاتی عەرەبی دەیانەوێت سەروەری ناوچه‌كه‌ بدەنە ئیسرائیل
2020-09-16 [12:26 PM]

ZNA - هه‌ولێر


سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکەوە، رایگه‌یاند، حکوومەتی هەندێک وڵاتی ناوچەکە چۆن دەتوانن دەستی رێککەوتن بۆ ئیسرائیل درێژ بکەن کە رۆژ بە رۆژ تاوانەکانی بەرامبەر گەلی فەڵەستین زیادتر دەبن. ئەوان دەیانەوێت سەروەری ناوچەکەدا بدەنە ئیسرائیل.  

حەسەن روحانی لەبارەی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانەوە دوا کە دوێنێ لە نێوان ئیسرائیل، ئیمارات و بەحرێن واژوو کرا و گوتی: "بەداخەوە حکوومەتی هەندێک وڵاتی ناوچەکە کە گەلەکانیان موسڵمان و لایەنگری ئیسلامن، نە دەزانن ئایین چییە و نە دەزانن بەرپرسیاریەتییەکانیان بەرامبەر گەلەکانی خۆیان و فەڵەستین چیین. ئەم وڵاتانە چۆن دەتوانن دەستی رێککەوتن بۆ ئیسرائیل درێژ بکەن کە رۆژ بە رۆژ تاوانەکانی بەرامبەر گەلی فەڵەستین زیادتر دەبن. ئەوان دەیانەوێت سەروەری بدەنە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا."

وتیشی، " لەبەرامبەر ئەو ئەنجامە خراپانەی دەشێت بێنە ئاراوە ئەو وڵاتانە بەرپرسیارن کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەیان پێشێل کردووە".

حەسەن روحانی ئاماژەی بەو قۆناغە دا کە ئەمریکا لە ٢١ی ئابەوە دەستیپێکردوە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران و رایگەیاند "ئەمە قۆناغێکی یەک مانگییە و لە ٢٠ی ئەیلوولدا کۆتایی دێت کە خۆشبەختانە تا ئێستا ئەمریکا نەیتوانیوە تیایدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت".

سەرکۆماری ئێران باسیشی لە لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ کرد کە گوتبووی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە و بە لێدوانێکی دوور لە راستی وەسفی کرد و گوتی: تەنها دوو-سێ وڵاتی جیهان دوای ئەمریکا کەوتبوون. ئەوانیش رژێمی زایۆنستی ئیسرائیل و یەک-دوو وڵاتی بچووکی دیکە بوون. جگە لەوان هیچ وڵاتێک پشتیوانی ئەمریکای نەکرد".

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە لایەنە ئەورووپییەکانی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دژبە ئەمریکا وەستاونەتەوە و بەمەش ئێران سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر ئەمریکا بەدەستهێناوە.





ئەم هەواڵە 5233جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad