English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
*ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان و بودجەی فیدراڵیی عێراق تاووتوێ دەکات
2020-09-16 [02:59 AM]

ZNA- ھەولێر



•    مەسرور بارزانی : سەرەڕای قەیرانەکان، بەڵام دۆخی خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی تری عێراق باشترە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەس و لایەنێک زیاتر پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/16 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ بە شکۆوە یادی شەهیدانی کوشتارگەی گوندی سۆریای سەر بە قەزای زاخۆ دەکەینەوە کە لە 16 ی ئەیلوولی 1969 ڕژێمی بەعس تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا و چەندین کەس لە هاووڵاتییانی مەسیحی و موسڵمانی گوندەکە شەهید بوون.  
پاشان سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا ، کە ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کە هیوادارین بە کردەیی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت . 
گوتیشی کێشەکان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە نییە، بەڵکو جيا لە کێشەکانی پەیوەست بە بودجە و نەوت ، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی دیکەی ھەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێکی دیکەی ناکۆکیەکانە لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە  سەرەڕای قەیرانەکان، بەڵام دۆخی خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی تری عێراق باشترە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەس و لایەنێک زیاتر پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و  پێویستە خەڵکی تر وەک فریادرەس وێنا نەکرێت . 

ئینجا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، پوختەیەکی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ڕێرەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە بودجە و وزە خستەڕوو. ئاماژەشی بەوەدا ، کە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت. 

پاشان ھەر یەک لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدرالی بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو ، کە لە ڕۆژی 14 ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا. تیشکیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەنديیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023 کە لیژنەیەکی باڵای بۆ پێکهێنراوە و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ، ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد وئەنجومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی ڕاسپارد ، کە ھەماھەنگی لە گەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تا ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.





ئەم هەواڵە 2812جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad