English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
 مەسرور بارزانی :  لە ھەموو کەس و لایەنێک زیاتر پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانین
2020-09-16 [03:02 AM]

ZNA- ھەولێر 


 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/١٦ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ بە شکۆوە یادی شەھیدانی کوشتارگەی گوندی سۆریای سەر بە قەزای زاخۆ دەکەینەوە کە لە ١٦ ی ئەیلوولی ١٩٦٩ ڕژێمی بەعس تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا و چەندین کەس لە ھاووڵاتییانی مەسیحی و موسڵمانی گوندەکە شەھید بوون. 

پاشان سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بۆ ھەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا ، کە ئەم سەردانە بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کە ھیوادارین بە کردەیی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی ھەردوولادا بێت.

گوتیشی: کێشەکان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە نییە، بەڵکو جیا لە کێشەکانی پەیوەست بە بودجە و نەوت ، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی دیکەی ھەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێکی دیکەی ناکۆکیەکانە لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵی. سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای قەیرانەکان، بەڵام دۆخی خزمەتگوزاری لە ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی تری عێراق باشترە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو کەس و لایەنێک زیاتر پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و پێویستە خەڵکی تر وەک فریادرەس وێنا نەکرێت . 

ئینجا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، پوختەیەکی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ڕێرەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە بودجە و وزە خستەڕوو. 

ئاماژەشی بەوەدا ، کە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرھەم بێت. 

پاشان ھەر یەک لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدرالی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ خستەڕوو ، کە لە ڕۆژی ١٤ ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا. 

تیشکیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٣ کە لیژنەیەکی باڵای بۆ پێکھێنراوە و ھەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ، ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد وئەنجومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی ڕاسپارد ، کە ھەماھەنگی لە گەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تا ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری ھەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.


ی.ا
 





ئەم هەواڵە 3460جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad