English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەیاننامەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بۆنەی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنیەوە
2020-09-20 [02:03 AM]

ZNA- ھەولێر 



    بە بۆنەی یۆبێلی زێڕینی ساڵیادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنیەوە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان


وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ


بەبۆنەی یۆبێلی زێڕین تێپەڕ بوونی ٥٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، پیرۆزبایەکی گەرم ئاراستەی تەواوی زانایانی بەڕێزی ئایینی و خەڵکی کوردستان دەکەین.


یەکێتی زانایان وەک رێکخراوێکی پیشەیی لە ٢١/٩/١٩٧٠ لەھەل و مەرجێکی تایبەت و لە پێناو خزمەتی ئیسلام و دۆزی رەوای گەلی کوردو خزمەتی زانایانی قەدرگران لە شارۆچکەی گەڵاڵەی باڵەکایەتی، لەژێر ئاڵای کوردستان و لەسەر راسپاردەو سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرکردەی نەتەوەیی مەلا مستەفای بارزانی دامەزرا، کە بووە چەتری کۆکەرەوەو سەکۆی رۆڵ و کاریگەری‌و پێگەی مەلاو زانایانی ئایینی لە کوردستاندا.


لە کاتێکدا ئەم ساڵیادە دەکەینەوە، کە نیو سەدە بەسەر خزمەت‌و خەبات‌و تەمەنی پڕ شکۆ‌و ھەورازو نشێوی یەکێتی زانایان تێپەر دەبێت، شانازیەکی گەورەیە کە زانایانی ئایینی بەردەوام تەمەنی خۆیان لەخزمەت پەیامی جوانی ئیسلام‌و شارێگەی کوردایەتی‌و نیشتمانپەروەری سەرف کردووە، وێڕای شانازی کردنمان بەم یادە رۆڵی زانایان لە نیو سەدەی رابردوو بەرز دەرنرخێنین. سەربەرزین کە بەشێکین لەو زەمینەی ھەمیشە رۆڵی کاریگەرمان ھەبووە لە بەرەو پێشبردنی کوردستان‌و ئەزموونەکەی، ھەمیشەش دروشمی ئیسلامپەروەری‌و کوردایەتیمان پێکەوە گرێداوە، کە زادەی ئیلھامبەخشی پەیامی پیرۆزی ئیسلام‌و شەریعەتە مەزنەکەیەتی.


ھاوکات لەگەڵ ئەم یادە جارێکی تر رادەگەیەنین لە بەردەوامبوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیشەیی و ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەییانەی رێکخراوەکەی بۆ دامەزراوە، بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا کە گەلەکەمان بە دۆخێکی سەختی دارایی‌و تەندروستی گوزەر دەکات‌و ھەمووان چاوەڕێین لەئەنجامی لێک تێگەیشتن‌و رێکەوتنی ستراتیژی‌و تەبایی نێو ماڵی کورد‌و ھەماھەنگی‌و یەکھەڵوێستی لایەنەکان، قۆناغەکە بەرەو ئایندەیەکی باش‌و خێر ببەن. لەچوارچێوەی دابین کردنی خوشگوزەرانی ھاوڵاتیان و سەروەری یاساو نەھێشتنی رۆتین و گەندەڵی و بایەخدان بە بەھا کۆمەڵایەتیەکان و لەبەرچاو گرتنی بنەماو بەھا ئایینیەکان و رێزگرتن لە پیرۆزیەکان.


دووپاتی ئەوەش دەکەینەوە، کە بە ھەموو تواناو ھەوڵێک لە خزمەتی زانایانی بەڕێزی ئایینی‌و داکۆکی لە مافەکانیان‌و بەرپرسیارێتی قۆناغەکە دادەبین‌و، وەک پارێزەر لە خزمەت ئیسلام و زانایان و کاری پیشەیی خۆمان دەبین.


نرخاندن‌و پێزانی زۆرمان بۆ خزمەتە بەردەوامەکانی زانایانی ئایینی لەسەرتاسەری کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی رۆژێک لە رۆژان بەو رێکخراوە ماندوو بوون‌و خزمەتیان پێشکەش کردووەو، رۆڵی گرنگیان ھەبووە لە بەرەو پێشبردنی یەکێتی زانایان‌و گەیاندنی ئیسلام‌و ھۆشیاری کۆمەڵایەتی‌و بڵاوکردنەوەی میانڕەوی‌و پاڵپشتی ھەڵوێست‌و ھەنگاوە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان.


دووبارە ئەم یادە لە ھەموو لایەک پیرۆز دەکەین و، بە ھیوای ئاییندەیەکی گەش‌و پڕ لە ئاشتی و برایەتی بۆ کوردو کوردستان.


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


٢٠ی٩ی٢٠٢٠





ئەم هەواڵە 3373جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad