ZNA ــ هەولێر تا دێت ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر دەبێ و ژمارەی مردن و تووشبوون روو لە هەڵكشانە، توێژینەوەیەكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەشوهەوای وەرزی پایزدا توانای مانەوەی بۆ ماوەیەكی زیاتر هەیە لەسەر رووی شتەكانی دەوروبەر هەیە.
مەترسی كۆرۆنا لە پایزدا زیاترە
توێژینەوەكە ئاماژەی كرد، دەكرێ ڤایرۆسەكە لە پلەكانی گەرمی و شێداری نزم گەشە بكات و لە كەشێكی گونجاودا ڤایرۆسەكە دەتوانێ بۆ ماوەی هەفتەیەك لەسەر جلوبەرگی كەسانی دەچنە دەرەوە، بمێنێتەوە و بە درێژایی ئەو ماوەیەیش ڤایرۆسەكە گوازراوە دەبێت.
لە وەرزی هاوین، تەمەنی مانەوەی ڤایرۆسەكە لە رۆژێك بۆ سێ رۆژ دەبێت، ئەنجامی نوێی توێژینەوەكە دەری دەخات كە وەرزی پایز یاریدەرە بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەكە، توێژینەوەكە لەلایەن یۆرگن ریتشت، مامۆستای مایكڕۆبایۆلۆجی فێتێرنەری لە زانكۆی ویلایەتی كانساس، نووسراوەتەوە.
توێژەران پێیان وایە كە ڤایرۆسەكە لە كەشوهەوایەكی ساردتر و كەمتر شێدار، بۆ ماوەیەكی زیاتر لە ناوخۆ بە زیندوویی دەمێنێتەوە، بەپێی توێژینەوەكە ناوەندی مانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر دەسكی دەرگەی دروستكراو لە پۆڵا، نزیكەی هەشت سەعاتە و مانەوەی لەسەر پەنجەرە 10 سەعاتە، ئەوەیش دووهێندی ماوەی مانەوەیەتی لە وەرزی هاویندا.
ئەم هەواڵە 8887جار خوێندراوەتەوە |