English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەیاننامەی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بە بۆنەی رۆژی جیھانی گەشتوگوزار
2020-09-26 [05:40 AM]

ZNA  - ھەولێر 


 لە ئەمرۆی جیھاندا گەشتوگوزار وەک پێویستییەکی گرنگی مرۆڤ و بنەمایەکی بەھێزی ئابووری و پیشەسازییەکی سەردەمیانە ھەژمار دەکرێ، بۆیە پیشەسازی گەشتوگوزار یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داھاتی جیھان، رۆڵێکی گرنگی لە جوڵەی بازاڕەکان و بەھیزکردنی ئابووری ھەیە، پێگەی جیاوازی لە جوڵەی ئابووری و داھاتی زۆربەی وڵاتانی جیھان داگیرکردووە، ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن گەشتیار بە جیھاندا گەشت دەکەن، زیاتر لە یەک ترلیۆن و ٤٠٠ دۆلار داھاتی بۆ جیھان ھەیە، کە بە ریژەی ١١% ئابووری جیھان پێک دەھێنێت، زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن ھەلی کار لە جیھان دابین دەکات، گرنگی دان بە ژیان و گوزەران و دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە یەک ملیار مرۆڤ (گەشتیار) بۆتە ئەرکی سەرجەم دامودەزگاکانی گەشتیاری و بابەتێکی سەردەمیانەی جیھان.
 رێکخراوی جیھانی گەشتوگوزاری سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ١٩٧٩ بڕیاری یادکرنەوەی ساڵانەی دا، لە ساڵی ١٩٨٠ تاکو ئەمڕۆ، ھەموو ساڵێک لە ٢٧/٩ ئەم یادە بە لۆگۆ و بە دروشمی جیاواز لە پێناو چەند ئامانجێک کە خزمەتی پەرەپێدانی گەشتیاری دەکات بەرێوەدەچێت و بۆتە رۆژی جیھانی گەشتوگوزار، کە ئامانجی سەرەکی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری گەشتیارییە. سەرەڕای ھاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و وەستاندنی کەرتی گەشتیاری، کە بۆتە ھۆی زیانێکی زۆر بۆ کەرتەکە و لە دەستدانی ١٢٠ ملیۆن ھەلی کار لە جیھان و وەستانی جوڵەی گەشتیاری بۆ ماوەی چەند مانگێک، بەڵام جاریکی تر کەرتی گەشتیاری جوڵەی تێکەوتۆتەوە و بەرەو ئاسایی بوونەوە ھەنگاوی ناوە. بۆ گرنگی دان بە گۆندەکان و گەشتیاری ناوخۆیی، رێکخراوی جیھانی گەشتوگوزار ئەم ساڵ بە دروشمی (گەشتوگوزار و پەرەپێدانی لادێ) ئەم یادە دەکاتەوە، بەو ئامانجەی بتوانێ بووژانەوەیەک بخاتە لادێکان و گەشتی ناوخۆی گەشە پێبدات، کە بۆ سەردەمی کۆڕۆنا بە یەکێک لە بژاردە گرنگەکان دەزانێت.
 چەند ساڵێکە لە ھەرێمی کوردستانیش گرنگی بە رۆژی جیھانی گەشتوگوزار دەدرێت، چونکە ئەو پێشکەوتنەی گەشتوگوزاری جیھان بەخۆیەوە دەبینێت، لە ئیستادا ھەرێمی کوردستانی لێ بێبەش نییە، بۆیە دەمانەوێت لەم رۆژەدا ئەم پەیوەندیە بە ھێزتر بکەین و سوود لە ئەزموونی گەشتیاری وڵاتان و رێکخراوی گەشتوگوزاری جیھانی وەربگرین و زیاتر پەرە بەکەرتی گەشتیاری بدەین. دەستەی گشتی گەشتوگوزار پلانی بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزاری لادێ  داڕشتووە و یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی پلانی ٢٠٢٠ دانرابوو، بۆیە لە رۆژی جیھانی گەشتوگوزار بەدروشمی (بە گەشتوگوزار گوندەکانمان دەبوژێنینەوە) گرنگی بەپەرەپێدانی گەشتوگوزاری لادێ دەدەین، کە ھاودروشمە لەگەڵ گەشتوگوزاری جیھان.
 ساڵانی رابردوو کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان بە خێرایی بەرەو پێش ھەنگاوی ناوە، لە زیاد بوونی ژمارەی گەشتیاران و لە زیادبوونی شوێنە خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان، ئەمەش بەپێی پلانێکی ستراتیژی کە لە لایەن دەستەی گشتی گەشتوگوزار دانراوە، مامەڵە لەگەڵ ئەم گەشەسەندن و پێشووەچونە دەکرێت، ھەروەھا ماستەرپلانی گەشتوگوزاری کوردستان لە ئێستادا دەست بەکارە و تاکو ساڵی ٢٠٢٥ پلانی بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری داڕشتووە. وەبەرھێنانی گەشتیاریش ھەنگاوێکی دیکەی کارەکانمانە، بۆ ئەم مەبەستە ھەماھەنگین لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان، لە کۆی ١٠٥٥ پڕۆژەی وەبەرھێنان کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ،  لە ساڵی ٢٠٢٠ راگەیندراون، ٢٢٧ پڕۆژەی وەبەرھێنانی گەشتیاری خراوەتە پلان. ھەرچەندە لە ساڵی ٢٠٢٠ بە ھۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا زیانی زۆر بەر کەرتی گەشتیاری کەوت، کە بۆ ماوەیەکی کاتی پاشەکشەی کرد، بەڵام جێگای دڵخۆشییە کە ئێستا شوێنە گەشتیارییەکان کراونەتەوە و جوڵەیەکی باش کەوتۆتە بەر کەرتی گەشتیاری و گەشتیاران لە شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان روو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێم دەکەن.

سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە، حکومەتی ھەرێم لە کارنامەی کارکردنیدا گەشتوگوزاری لە ریزی کشتوکاڵ و پیشەسازی داناوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گشتی گەشتوگوزار رایدەگەیەنن سەرەڕای ھەبوونی کەمووکورتی لە کەرتی گەشتیاری، لە جێبەجێکردنی پلانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار بەردەوام دەبین، تاکو گەشتیاری دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داھات و کوردستان دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری پێشکەوتوو. لە کۆتایدا بە پێویستی دەزانین لەم یادەدا پیرۆزبایی دەستەی گشتی گەشتوگوزار ئاراستەی گشت فەرمانبەر و کارمەندانی کەرتی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان بکەین و دەستخۆشی لە راگەیاندنەکان و ھەموو دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت بکەین کە ھەماھەنگ و ھاوکارن بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار.

ھەر شاد و سەرکەوتوبن
دەستەی گشتی گەشتوگوزار
٢٧/٩/ ٢٠٢٠

 





ئەم هەواڵە 2410جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad