English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێکی وەزارەتی دارایی لە بارەی مووچەی فەرمانبەران پەسەند دەکات
2020-09-30 [01:51 AM]

ZNA  - ھەولێر


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٣٠ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوەوە .

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە تا ئێستاش ژمارەی تووشبووان و گیان لە دەستدان بە ھۆی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان لە زیادبوونە ، بۆیە داوا لە ھەموو  دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم  کە پابەند بن بە گشت ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان. لە ھەمانکاتدا داوا لە ھاووڵاتییانیش دەکەم خۆیان بپارێزن.

پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وتەیەکی دەربارەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو سەلاح کوێخا سەرپەرشتیاریی پێشووی ئیدارەی گەرمیان پێشکەش کرد و  باسی لە جوامێری و دڵسۆزی سەڵاح کوێخا کرد و گوتی کاک سەڵاح وەک چۆن لەشاخ پێشمەرگەیەکی ئازا و خەباتگێڕێکی دڵسۆز بووە، ئاوھاش لە سەردەمی سەرپەرشتی کردنی ئیدارەی گەرمیان، دڵسۆز و لەخەمی خزمەتکردنی گەرمیانی پایتەختی ئەنفال و گەرمیانییەکان بووە، جومێرانە و مەردانە کاری کردووە و ھاوسەنگی حوکمڕانی پاراستبوو، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پرسە وسەرخۆشی ئاراستەی کەسوکار و گەرمیانییەکان دەکەین.
ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان  سەرەخۆشی لە خەڵک و بنەماڵەی میریی کوێت دەکات بۆ کۆچی دوایی میری کوێت شێخ ( ێباح الاحمد الجابر الێباح)، کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبوو.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و ھەروەھا گرنگیی پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نووسینگە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا کردەوە ، چونکە تێکچوونی دۆخی عێراق لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتییانی عێراق بە گشتی نییە. 

پاشان ھەر یەک لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان ، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، کە لە لایەن لیژنەی دانوستانەوە ئامادەکرابوو،  ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و ڕاسپاردە پێشنیارکراوەکانی پەسەندکرد و لیژنەکەشی ڕاسپارد بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی و بەردەوامیدان بە ھەوڵەکانی پێشوو لەم دۆسیەدا و سەردانکردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان لە بەغدا لە نزیکترین دەرفەتدا و کارکردنی جدی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستوور، بەو پێیەی بابەتی خاک وئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرانە کاری لە پێشینەی ئەم کابینەیە و جێی بایەخ و گرنگیی ھەرێمی کوردستانە و بابەتە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم وبەغدا، تەنیا بریتی نین لە بواری بوودجە و وزە.

لە کۆتاییدا د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بە ژمارە و داتای پێویست، ڕوونکردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی مووچە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان خستەڕوو. تیایدا جەختکرایەوە لەوەی مووچە و شایستەی دارایی، بە یاسا چەسپێندراوی مووچەخۆرانە و ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران لە ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیە داناوە، ئەنجومەن داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، مووچە دابەش بکرێت. لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندکرد بۆ زیادکردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو  بۆ ٨٢٪‏ لە بری ٧٩٪‏ و کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە ٢١٪ ‏بۆ ١٨٪‏.
 





ئەم هەواڵە 2902جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad