English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
به‌سره‌... به‌ هاوكاری هۆڵه‌ندا نزیكەی 960 هه‌زار كەس ئاوی خواردنەوەی پاکیان بۆ دەستەبەر دەکرێت
2020-12-21 [11:08 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

نوسینگه‌ی یۆنامی له‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس هاتووه‌، رایگه‌یاند، وڵاتی هۆڵەندا بڕی 6,41 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بۆ پاڵپشتیكردنی یونیسێف و بەرنامەى نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان تەرخانكردووە تاوەكو ئاوی پاک بۆ نزیكەی یەك ملیۆن لە دانیشتوانى پارێزگای بەسرە دابین بكرێت.

ئەم هاوكارییەش لە كاتێكدا دێت كە كەمتر لە 11%ی دانیشتوانی بەسرە ئاوی پاكی خواردنەوەیان بۆ دەستەبەر كراوە  و زۆرینەی ماڵەكان ( 8 ماڵ لە كۆی 10 ماڵ) تەنها 10 كاتژمێر ئاویان بۆ دابین دەكرێت لە رۆژێكدا.  لەگەڵ بەردەوامبوونی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەستەبەركردنی ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ دانیشتوانان لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر بۆتە پێویستییەکی بە پەلە.

باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا، بەڕێز ميشيل رينتينار، روونی كردەوە كە "دەستەبەركردنی ئاوی پاك یەكێكە لە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ و ئەم دەستەبەركردنەش تەنها بە بوونی سیستەمێكی باشی بەڕێوەبردنی ئاو بەدی دێت. هۆڵەندا زۆر خۆشحاڵە بە دابینكردنی هاوكاری لە رێی پێشكەشكردنی شارەزایی بەرفراوان لەم بوارەدا و بەشداریكردنمان لە باشتركردنی ژیانی هاوڵاتییانی بەسرە."

سەرهەڵدانی قەیرانی ئاو لە چەند ناوچەیەكی بەربڵاوی عێراقدا بۆ بوونی ناكۆكی و گۆڕانی كەش و هەوا و پیسبوون و كەمی ئاو و  پاشماوەی ژینگەیی دەگەڕێتەوە. بەسرە، كە دەكەوێتە باشووری وڵاتەكەوە، زیانمەندترین پارێزگایە و نەبوونی پرۆژەی گونجاوی ئاوەڕۆ و خاوێنی هێندەی دیكە بارودۆخەكەی ئاڵۆز كردووە.  زۆرینەى دامەزراوەكانی چاودێری تەندروستی و قوتابخانەكان ئاوی پاك و سابونیان تێدا بەدی ناكرێت، بەمەش دانیشتوانە دۆخناسکەکان، لە نێویاندا منداڵان و ئافرەتان، زیاتر تووشی ئەو نەخۆشیانە ببنەوە كە دەتوانرێت رێیان لێبگیرێت، وەک نەخۆشی سكچوونی ئاویی توند.

خاتوو حەمیدە لاسێكۆ، نوێنەری یونیسێف لە عێراقدا رایگەیاند كە  "ئەم هاوكارییەی حكومەتی هۆڵەندا جیاوازییەكی راستەقینە لە ژیانی 960,000  لە دانیشتوانی بەسرەدا دروست دەكات، لە نێویاندا  ژیانی ژمارەیەكی زۆر لە منداڵان و خێزانەكانیان.  بەهۆی ئەم سەرچاوانەوە و  بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەسرە و بەرنامەى نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان،  یونیسێف دەتوانێت هاوكاری هەوڵەكانی بەڕێوبەرایەتی ئاو بكات بۆ  پاراستنى ئاو، ئەمەش لە ڕێگای پێدانی ئامێری زیرەك بۆ پێوانەكردنی بەكارهێنانى ئاو و بەدواداچوون و ڕێگریکردن لە لێچوونەكانی ئاو . هەروەها دەتوانین دڵنیابین لەوەی كە ژمارەیەكی زیاتری منداڵان، بەلایەنى كەمەوە، لە 100 قوتابخانەدا ئاوی پاکیان بۆ دابین دەكرێت. خێزانەكانیش دەتوانن بە ئاسودەییەوە  كاری چێشتلێنان و خاوێنكردنەوە ئەنجام بدەن و دڵنیابن و نیگەران نەبن لەوەی لە كاتی دەست شوشتندا تووشی نەخۆشی دەبن بەهۆی بەركەوتەیان بە ئاوەكەوە."   

سەرباری ئەوەش، لەبەر ئەوەی دەیان ساڵە وەبەرهێنان لە دامەزراوەكانی وەک وێستگەكانی راكێشانی ئاو  و پاڵاوتنەوەی ئاودا نەکراوە، ژێرخانەکە وێران بووە. وەك بەشێك لە پابەندبوونیان بە گرتنەبەری چارەسەرێكی درێژخایەنەوە، یونیسێف و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان كار بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئاوی عێراق دەكەن.  هاوكاری ئەم دواییەی هۆڵەندا پاڵپشتییە بۆ ئاژانسەكان بۆ ئەوەی لە پاڵ بەردەوامیدان بە كاری درێژخایەنی خۆیاندا فریاگوزاری راستەوخۆ بۆ دانیشتیوانی بەسرە دەستەبەر بكەن.

خاتوو زینە عەلی ئەحمەد نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان گوتى: "بەهۆی  ئەم هاوكارییە دەستکراوەیەى هۆڵەنداوە، لەگەڵ یونیسێف و حكومەتدا هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زیاتری عێراقییەكان ئاوى پاکیان دەست بکەوێت کە مافێکى سەرەتایى خۆیانە. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەرەپێدان ئەو میتۆدە سەلمێنراوانەى خۆى بەکاردەهێنێت بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەى چوار كۆمەڵگای ئاوی سەرەكی كە پەكیان كەوتووە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەو كەسانەی لە زۆرترین باری لاوازیدان و دڵنیابوونەوە لەوەی كەس بێبەش نەكرێت."

 

 





ئەم هەواڵە 535جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad