English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
تەندروستیی عێراق وادەی گەیشتنی ڤاکسینی فایزەر و سینۆفارم رادەگەیێنێت
2021-02-17 [12:30 PM]

ZNA ــ هەولێر


دکتۆر حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق، رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن یەکەم کاروانی ڤاکیسنی فایزەر دژ بە پەتای کۆرۆنا لە 1ـی مانگی ئادار بگات، هەروەها ڤاکسینی سینۆفارمی چینیش هەفتەی داهاتوو دەگاتە عێراق.

 

وەزیری تەندروستیی عێراق راشیگەیاند، کۆمپانیاکانی ڤاکسین داوای دەرکردنی یاسا یاخود رەزامەندیی حکومەتیان کردووە لەبارەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو ڤاکسیانە.

 

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەو ڤاکسینانەی هاوردەی عێراق دەکرێن، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ڤاکسینەکان بەشێوەیەکی ناوەندی بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت".

 

هەروەها دکتۆر سەیف بەدر گوتیشی: " ڤاکسینەکە بەپێی ژمارەی دانیشتووان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و فەرمانگە تەندروستییەکان دابەش دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش پشکی خۆی دەبێت وەک چۆن لە دەرمانەکانی دیکە پشکی خۆی پێدراوە".

 

ئەوە لە کاتێکدایە وەزیری تەندروستیی عێراق، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "بۆ یەکەمجار چەند تووشبووێکی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق دەستنیشانکران". دوا بە دوای ئەوەش بەریتانیا گەشتەکانی لەگەڵ عێراق هەڵپەسارد.

 

لەبارەی قەدەخەکردنی گەشتەکانەوە دکتۆر ریاز حەلفی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاری قەدەخەی گەشتکردنی گەشتیارانی ئاسایی لە عێراقەوە بۆ وڵاتان یان لە وڵاتانەوە بۆ عێراق، کە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی عێراق لە 16/1/2021 دا دەریکرد، هێشتا بەردەوامە".

 

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە عێراق، تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا بڕیاری ژمارە 231ـی ساڵی 2020ـی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە قەدەخەی گەشتکردن لە عێراقەوە بۆ 20 وڵات درێژکردەوە، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا لەو وڵاتانەدا، لیژنەکە هاوکات بڕیاری دا هاتنی گەشتیاران لەو وڵاتانەوە بۆ عێراق قەدەخە بکات و تەنیا رێگە بە گەشتیاری عێراقی بدرێت لەو وڵاتانەوە بگەڕێتەوە عێراق.

 

بەپێی راگەیێندراوی دوێنێی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاماری 24 کاژێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 138 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون، دوو تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و 105 تووشبووی پێشووی ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.

 

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 123 هەزار و 581 پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون، ئەنجامی پشکنینی 107 هەزار و 186 کەس پۆزەتیڤ بوون، لەو ژمارەیەش 102 هەزار و 545 تووشبوو چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 501 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

 

هەروەها لە عێراقیشدا بەپێی راگەیێندراوی دوێنێی وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی 24 كاژێری رابردوودا، 3 هەزار و 332  تووشبووی دیكەی كۆرۆنا تۆماركراون، 7 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 622 تووشبووش چاكبوونەتەوە.

 

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە ئاداری ساڵی 2020 تاوەكو ئێستا، 649 هەزار و 982 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەیش 609 هەزار و 800 تووشبوو چاكبوونەتەوە، 13 هەزار و 192 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

 





ئەم هەواڵە 541جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad