English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری تەندروستیی عێراق: ئەمڕۆ پێکوتەی کۆرۆنا دەگات
2021-03-01 [11:22 AM]

ZNA ــ هەولێر


 

 

وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە عێراق، هەر ئەمڕۆش دەست بە تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتیان دەکەین بۆ وەرگرتنی پێکوتەکە.

 

دکتۆر حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێکدا بە راگەیاندنی فەرمی عێراقی راگەیاند، دووشەممە (1ـی ئاداری 2021) یەکەم کاروانی پێکوتەی سینۆفارم لە چینەوە دەگاتە عێراق، ئەو کاروانەش بێبەرامبەرە و حکومەتی چین بەخشییە عێراق، لەم هەفتەشدا یەکەم کاروانی پێکوتەی کۆرۆنا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی گۆڤاکس دەگاتە عێراق، کە 1 ملیۆن و 725 هەزار و 600 ژەمە، 605 ناوەندی تەندروستیمان دەستنیشان کردووە، واتا بۆ هەر ناوچەیەک 5 ناوەندی تەندروستیمان دەستنیشان کردووە، بۆ پێدانی پێکوتە".

 

وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق گوتیشی: "دووشەممە (1 ئاداری 2021) سایتی ئەلیکترۆنی لە عێراق کارا دەکرێت بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێ پێکوتە وەربگرن".

 

ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە 27ـی شوباتی 2021 دا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەپێی رێککەوتنی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانی گۆڤاکس، کە 190 وڵات تێیدا ئەندامن و کار بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی پێکوتەی دژە کۆرۆنا بە یەکسانی بۆ هەموو ئەندامانی دەکات، هاوپەیمانییەکە 16 ملیۆن ژەمە پێکوتەی ئەسترازینیکا بە زیاتر لە 169 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق دابین دەکات".

 

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاشکراشی کرد: "پێکوتەی کۆرۆنا بەپێی پلانی داڕێژراو سەرەتا دەدرێتە کارمەندانی کەرتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان، دواتر دەدرێتە کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە".

 

هاوکات، دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر پێکوتەیەک بگاتە عێراق بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق دابەشدەکرێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە".

 

لای خۆیەوە، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە عێراق، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: کەمتەرخەمییەکی روون لای حکومەت هەیە سەبارەت بە گەیشتنی پێکوتەی ئەو پەتایەی تەشەنەی کردووە، ئەگەریش لە کاتی خۆیدا نەگات لە پەرلەمان هەڵمەتێکی گەورە دەستپێدەکەین، ئەوە جیا لەوەی پێکوتەکە دوور نییە لە دەستی گەندەڵکاران و دوور نییە لە بازاڕ بفرۆشرێت و بە پارە بدرێتە هاووڵاتیان، بۆیە هۆشداری دەدەین، ئەگەرنا ئەوەی پێویستە لە چوارچێوەی یاسا دەیکەین.

 

تاوەکو ئێستا 695 هەزار و 489 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 635 هەزار و 931 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە و 13 هەزار و 406 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.





ئەم هەواڵە 274جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad