English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چەند وڵاتێک دڵنیایی لەبارەی بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا دەدەن
2021-03-18 [12:16 PM]

هەولێر ــ ZNA


دوای ئەوەی نزیکەی 15 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازێنیکایان راگرت، ژمارەیەکی دیکەی وڵاتی جیهان دەڵێن، ئەوان بەردەوامدەبن لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە، چونکە پێیانوایە سوودەکانی ڤاکسینەکە لە زیانەکانی زیاترن.

 

لەوبارەیەوە رێکخراوی "پان"ی تەندروستیی ئەمریکی پێشنیاردەکات وڵاتان بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە. 

 

هەروەها لایەنە تەندروستییەکانی هیندستان دەڵێن، ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان پێ نەگەیشتووە کە بیسەلمێنێت ڤاکسینی ئەسترازێنیکا دەبێتە هۆی دروستبوونی جەڵتە، بۆیە بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە بۆ کوتانی خەڵکی وڵاتەکە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 

 

لەلایەکی دیکەوە دکتۆر تێرێزا تام، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتیی کەنەدا لەبارەی بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا دەڵێت: هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ڤاکسینەکە کاریگەریی نەرێنی هەبووە و سوودەکانی پێکوتەکە زیاترن لە زیان و مەترسییەکانی.

 

هاوکات ئەندرێ مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند بەرپرسانی تەندروستیی وڵاتەکەی هێشتا دڵنیان لەوەی کە هیچ مەترسیێک لە بەکارهێنانی ڤاکسینە بەریتانییە سوێدییەکەدا نییە. 

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی مەکسیک ئاماژەی بەوە کرد کە پسپۆڕە پزیشکییەکانی وڵاتەکەی بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە و هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی مردنی کەسێک لە مەکسیک دوای وەرگرتنی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بکەن. 

 

کۆمپانیای ئەسترازێنیکا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئاژانسی دەرمانی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن، هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ڤاکسینەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی جەڵتە. 

 

ئەسترازێنیکا؛ ئەو ڤاکسینەی کە بەهۆی هەرزانی نرخ و ئاسانیی کۆگاکردنیەوە، وڵاتانی جیهانی دڵخۆشکردبوو، ئێستا لە ژمارەیەک وڵات کێشەی دروستکردووە. نزیکەی 10 وڵات بەهۆی هەبوونی گومان لەسەر کاریگەرییە لاوەکیەکانی، بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینەیان راگرتووە. 

 

گومانەکان لە نەمسا دەستیانپێکرد. دوو لەو کەسانەی کە ڤاکسینیە بەریتانییە سوێدییەکەیان وەرگرتبوو، تووشی کڵۆبوونی خوێن بوون، کە یەکێکیان گیانی لەدەستدا. ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت بەهۆی ڤاکسینەکەوە بووە، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بەکارهێنانی ڤاکسینەکە رابگرێت. 

 

لە نێوەراستی شووباتی ئەمساڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازینێکای پەسندکرد، دوای ئەوەش بەشێک لە وڵاتەکان دەستیان بە کڕین و بەکارهێنانی کرد، چونکە نرخێکی کەم و گونجاوی هەبوو.

 

تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە 400 ملیۆن کەس بە ڤاکسینی کۆرۆنا کوتراون. ئەمریکا لە پێشەنگی ریزبەندیی کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنایە و زیاتر لە 113 ملیۆن کەس لەو وڵاتە کوتراون.





ئەم هەواڵە 457جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad