English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ماکرۆن لەسەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هۆشداری ده‌دات
2021-03-24 [11:55 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لەسەر "هەوڵەکانی تورکیا بۆ دەستوەردان" لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەڕەنسادا کە لە ساڵی 2022 دا بەڕێوەدەچێت هۆشداری دا، بەڵام سەرەڕای ئەم لێدوانەی، دەرگاکانی بەڕووی باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و ئەنقەرەدا دانەخست.

ماکرۆن لەچوارچێوەی فیلمێکی بەڵگەنامەییدا کە کەناڵی " فرانس 5 "ی فەڕەنسی نمایشی کرد، لەمیانەی بەرنامەی "سی دان لیر" دا سەبارەت بە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وتی " بێگومان، هەوڵ دەبێت بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەوە نوسراوە و هەڕەشەکان ئاشکران."

لە ئاماژەیەکیدا بۆ ئەو مشتومڕەی دەکرێت لەسەر وتارەکەی پێشووی لەسەر توندڕەوی ئیسلامیی، سەرۆکی فەڕەنسا ڕەخنەی لەو " سیاسەتە درۆیینەیە گرت کە تورکیا پەیڕەوی دەکات و لەڕێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حکومەتەوە بڵاویدەکاتەوە، هەروەها لەڕێی کۆمەڵێک کەناڵی گەورەی دیکەشەوە کە قەتەڕ بەڕێوەیان دەبات."

پێشتریش ئەردۆگان تۆمەتبار کرابوو بەوەی دەستی له‌ پڕۆسەی دەنگدان لە ئەڵمانیا وه‌رداوه‌، کاتێک لە ساڵی 2017 دا داوای لە دەنگدەرانی ئەڵمانی – تورکی کرد دژی حیزبەکەی ئانگێلا مێرکڵ دەنگ بدەن.

ماکرۆن کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆگاندا گرژیی تێکەوتووە، وتی " دەبێت زۆر ڕوون بین."

وتی " لە سەرەتای ئەمساڵەوە تێبینی ئارەزووی ئەردۆگانم کردووە بۆ دووبارە پابەندبوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوانمانەوە، دەمەوێت بڕوا بەوە بکەم." ڕەتیشی کردەوە " هیچ دوژمنایەتیەکی بەرامبەر تورکیا " هەبێت.

وتیشی " پێم وایە ناتوانیت دووبارە پابەندی پەیوەندییەکان ببیتەوە لەکاتێکدا خاڵی نادیارهەبێت، نامەوێت بگەڕێمەوە سەر پەیوەندییەکی ئاسایی بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە پشتەوە بەردەوام فێڵکردن هەبێت."

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و فەڕەنسا لە مانگی 10 ی ساڵی 2019 دا گرژی تێکەوت، ئەوەش دوای ئەوەی تورکیا هێرشی کردە سەر هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای سوریا.

هەروەها لە ساڵی 2020 دا دەستوەردانی تورکیا لە لیبیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەند و سیاسەتی فەڕەنسا بەرامبەر توندڕەوی ئیسلامی، ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی قوڵترکردەوە.

ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە " فەڕەنسا زۆر ڕوون بووە. کاتێک کاری تاکلایەنانە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەند دەبیندرا ئێمە سەرکۆنەمان کرد و کەشتیگەلمان ڕەوانەکرد." ئاماژەشی بەوەدا " بەداخەوە هاوپەیمانێتی ناتۆ بەپێی پێویست ڕوون نیە لەگەڵ ئەنقەرەدا، دەبێت پێگەی تورکیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕوون بکەینەوە."

بەڵام لە هەمان کاتیشدا وتی " ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆیە لەگەڵ تورکیادا و دەبێت هەموو شتێک بکەین تاوەکو تورکیا پشت لە ئەوروپا نەکات و بەرەو توندڕەوی زیاتری دینی یاخود بژاردەی جیۆسیاسیی زیانبەخش نەڕوات."

لە ساڵی 2016 دا تورکیا و یەکێتی ئەوروپا ڕێکەوتنێکیان واژۆکرد، بەپێی ڕێکەوتنەکە تورکیا بەڵێنیداوە مامەڵە لەگەڵ کۆچی نایاساییدا بکات.

ماکرۆن هۆشیاریدا لەوەی دەبێت " لەسەر بابەتی کۆچ لەگەڵ تورکیادا کاربکەین، ئەگەر تورکەکان دەرگاکان بکەنەوە، ئەوا سێ ملیۆن پەنابەری سوریا دەگەنە ئەوروپا."

 

voa





ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad