English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پزیشکێک: لە هەولێر زیاتر لە 45 هەزار تووشبووی شەکرە هەن
2021-03-25 [08:58 AM]

ZNA ــ هەولێر


پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشیی شەکرە و هۆرمۆنەکان رایدەگەیێنێت کە لە ناوەندی شارەی هەولێردا زیاتر لە 45 هەزار تووشبووی تۆمارکراوی نەخۆشیی شەکرە هەن.

 

د. یوسف بەهادین، پسپۆڕی نەخۆشیی شەکرە و هۆرمۆنەکان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێستا یەکێک لە گرفتەکان قەڵەوییە لە منداڵیدا کە بە رێژەیەکی زۆر زیاد بووە و کەس هەیە تەمەنی 15 ساڵ و 16 ساڵە کە تووشی جۆری دووەمی شەکرە بووە کە هۆکارەکەی زۆر خواردنی شیرینییەکانە و، شەکرەیەکە زیاتر تووشی کەسانی بەتەمەن دەبێت. تەنیا لە ناوەندی شاری هەولێر ژمارەی تووشبووی تۆمارکراوی نەخۆشیی شەکرە زیاتر لە 45 هەزار کەسە."

 

شەکرە نەخۆشییەکە کە کار دەکاتە سەر هەموو سیستەمەکانی لەشی مرۆڤ و پەیوەندیی بە نەخۆشییەکانی دڵ و مێشک جۆرەکانی جەڵتەوە هەیە. پسپۆڕان دەڵێن کە ماددە خۆراکییەکان هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بە شەکرەن بە تایبەتی ئەوانەی ماددەی کاربۆهیدراتیان تێدایە و ئەوانەی لە شەکر دروست دەکرێن. 

 

ئەو پسپۆڕەی نەخۆشیی شەکرە دەڵێت: "هەموو خواردنە کاربۆهێدراتییەکان، نەک هەر ئەوانەی شەکریان تێدایە، بەڵکو ئەوانەی وەک برنج و نانیش جۆرێک لە ئالوودەبوون بۆ مرۆڤ دروست دەکەن. ئیدی وادەکەن مرۆڤ حەز بکات زووزوو بیانخوات کە هەر وەک ئالوودەبوون بە جگەرە و نێرگەلە وایە. بە داخەوە ئەو خواردنانەیش زیاتر پەرە دەسێنن و بڵاودەبنەوە."

 

کۆمەڵێک هۆکار دەبنە هۆی شەکرە کە یەکێکیان بۆماوەییە؛ کەمجووڵەییش کاریگەریی لەسەر تووشبوون بە شەکرە هەیە. پزیشکانی نەخۆشیی شەکرە ئامۆژگارییان ئەوەیە کە پێویستە جۆری خواردنمان بگۆڕین، زۆر بجووڵێین و وەرزش بکەین کە ئەو هۆکارانەن دەکرێت شەکرە نەهێڵن. 

 

د. یوسف بەهادین ئەوەی خستەڕوو: "زیاد خواردنی ماددە کاربۆهیدراتییەکان بەر لە هەموو شتێک دەبێتە هۆی قەڵەوی. لەگەڵ قەڵەوییشدا دۆخی 'بەرگرتن بە ئەنسۆلین' روو دەدات کە وادەکات ئەنسۆلین بە رێکوپێکی کاری خۆی نەکات. بەوەیش رێژەی شەکر دانابەزێنێت و وردەوردە شەکر لەناو خوێندا بەرز دەبێتەوە. ئەو بەزبوونەوەیەی شەکریش لەناو خوێندا دەبێتە هۆی نەخۆشیی شەکرە کە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان بە تایبەت خوێنبەرەکانی تۆڕی چاو و گورچیلە. هەروەها شەکرە دەبێتە هۆی دۆخێکی دیکە کە پێی دەگوترێت 'هەوکردنی هێواشی بەردەوام' کە هەوکردنێکی هێواش و بەردەوامە لەنێو خوێنبەرەکاندا، بەوەیش خوێن ناچێت بۆ بەشەکانی لەش."

 

ئەو پزیشکە پێیوایە، خواردن هەتا سرووشتی بێت باشترە؛ شیرینییش هەر وایە. مرۆڤ ئەگەر هەر پێی خۆش بوو شیرینی بخوات ئەوا شیرینییە سرووشتییەکان بخوات باشترە و دەڵێت: "ئەم قسەیە ئەوە ناگەیێنێت کە شیرینیی سرووشتی نابێتە هۆی نەخۆشیی شەکرە یان قەڵەوی، ئەوانیش هۆکارن، بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر. خواردنە کوردەوارییەکان زۆر باشن و مرۆڤ لە تووشبوون بە شەکرە و قەڵەوی دەپارێزن."

 

د. یوسف بەهادین دەڵێت: "مرۆڤ ئەگەر هیچ شتێکی شیرینیش نەخوات تووشی هیچ کێشەیەکی نابێت، هەرچەندە بتوانێت کەمی بکاتەوە باشترە. دەتوانێت بە یەکجاری واز لە شیرینییە دەستکردەکان بهێنێت."

 

بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە جیهاندا نزیکەی 422 ملیۆن کەس نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار کەسیش بەو نەخۆشییە دەمرن.





ئەم هەواڵە 484جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad