English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری تەندروستی: نرخی پشکنینی کۆرۆنا کەمدەکەینەوە
2021-03-29 [07:21 AM]

ZNA ــ هەولێر


 

نزیکەی هەفتەیەکە بەهۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لایەنە تەندروستییەکان هۆشداری دەدەنە هاونیشتمانیان و داوا دەکەن پشکنینی کۆرۆنا بکەن، لەبارەی نرخی پشکنینەکەوە وەزیری تەندروستی دەڵێت: کاریان لەسەر کردووە و نرخەکەی دادەبەزێنن.

 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژ کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: پشکنین زۆر گرنگە، ئەگەر کەسێک هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت و زووتر پێی بزانێت ئەگەری رزگاربوونی زیاترە. هەروەها لەبارەی نرخی پشکنینەوە دەڵێت: "نرخەکە لە دۆخێکدا دانراوە کە رەنگە بۆ ئەو کات گونجاو بووبێت، بەڵام ئێستا خوێندنەوەی بۆ دەکەین و لە نزیکترین کاتدا لەم رۆژانە نرخەکەی هەرزاندەکرێت".

 

نرخی پشکنینی کۆرۆنا لە دوای دەوامی لایەنە تەندروستییەکان بە سیستەمی راوێژکاری بە 60 هەزار دینارە، بەڵام بۆ نەخۆش و بەرکەوتەکانی هەڵگری کۆرۆنا لەکاتی دەوام بە خۆڕاییە. هەروەها بۆ ئەوانەی گەشت دەکەن بە 60 هەزار دینارە، لە کەرتی تایبەتیش پشکنینی پی سی ئاڕ بە 90 هەزارە، لەو بارەیەوە سامان بەرزنجی رایگەیاند: "نرخەکە زۆر دادەبەزێنین".

 

بەگوتەی سامان بەرزنجی ساڵێک پێش ئێستا تەنیا سێ تاقیگەی پی سی ئاڕ لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە 30 تاقیگە هەن، جگە لە کەرتی تایبەت.

 

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 29-03-2021 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و پەیامێکی ئاراستەی هاونیشتمانیان کرد و رایگەیاند "ئەگەر هەر نیشانەیەکت هەبوو یان ئەگەر نیشانەشت نەبوو، بەڵام بەرکەوتەی تووشبووانی کۆرۆنا بووی، بۆ دڵنیابوونەوە و دوورکەوتنەوە لە مەترسی و لەپێناو سەلامەتی خۆت و کەسانی دەوروبەرت، بەبێ دوو دڵی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکە."

 

لەلایەکی دیکەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی رایگەیاند: "كوردستانییان بەرپرسیارێتیی هاوبەشیان هەیە لە بەرامبەر خۆیان و خێزانه‌كانیان. داواتان لێدەکەم لە شوێنە گشتییەکاندا دەمامک ببه‌ستن و دەستەکانتان بشۆن و خۆتان لە قەرەباڵخی و گردبوونەوە بەدوور بگرن".

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەدات لە بەرزبوونەوەی خێرای رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنێت: "ئێستا کاتی سیاسەت کردن نییە، مەترسی مردن له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانمان زیادی كردووه".

 

سامان بەرزنجی لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژانە لەسەر هێڵە بۆ بەدواداچوون و پاڵپشتی لایەنە تەندروستییەکان"، هەروەها لە ماوەکانی رابردوو هاوکاری و بەرچاوڕوونی باشی پێداون لەبارەی رێنوێنییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا.

 

سامان بەرزنجی لەبارەی هۆکاری خێرا بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئاماژەی بەوە کرد: هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاوە کە هەموو جیهانی گرتووەتەوە،لە 24 کاژێری رابردوو 839 تووشبوون و 10 گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، رێژەی تووشبووان لەو کەسانەی پشکنین دەکەن 10٪ـە، لە کاتێکدا پێشتر 1٪ بوو. بەپێی ستانداری تەندروستی لە 100 هەزار کەس دەبێت ژمارەی تووشبوون لە 50 کەس کەمتر بێت.

 

نزیکەی هەفتەیەکە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوونە، وەزیری تەندروستی دەڵێت: پێشبینیمان دەکرد کە لە کۆتایی مانگی شووبات بگاتە زیاتر لە 119 هەزار تووشبوون کە بەپێی ئامارەکان 120 هەزار تووشبوونی تێپەڕاند، هەروەها دەشڵێت: خێرایی بڵاوبوونەوە و گەیشتن بە لووتکە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، لە هەرێمی کوردستان هەموو رێکارەکان ئاسایی کرانەوە، "بەڵام هاووڵاتیان پابەند نەدەبوون بە بەستنی دەمامک و رێکارەکانی جەژنی نەورۆزیش نەچوونە واری جێبەجێکردنەوە"، بۆیە تووشبوون زیادی کرد.

 

لە 14ـی ئاداری 2020 بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا راگەیێندرا، لەبارەی رێکارە خۆپارێزییەکانەوە وەزیری تەندروستی رایگەیاند، رێکارەکان تووندوتۆڵتر دەکرێن، ساڵی رابردووش دواکەوتنی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بەهۆی رێکارە تەندروستییەکانەوە بوون.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەدا، بەو رێکارانە ژمارەی تووشبوون بەتەواوی نابێتە سفر، بەڵام هەموو لە جیهان بەو شێوەیەیە ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی لە ماوەیەکی کورت زۆر بەخێرایی بڵاونەبێتەوە، لەبەر ئەوەی دامودەزگەکانی تەندروستی بتوانن باشتر خزمەتی تووشبووان بکەن.

 

سبەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بۆ تاوتوێکردنی چەند پێشنیازێکی نوێ کۆدەبێتەوە، لەبارەی دووبارە راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، وەزیری تەندروستی دەڵێت: لەبارەی دەوامی خوێندن و قەرەباڵخی شوێنە گشتییەکان، پێشنیازەکە دەبەنە بەردەم لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، لەوێش رێکارەکان وەکو سنووردارکردنی هاتووچۆ و، تاوتوێی قەدەخەی هاتووچۆ دەکەن.





ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad