English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا تاوتووێی رەوشی ناوچەکە دەکەن 
2021-04-21 [08:57 AM]

ZNA-ھەولێر



ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١/٤/٢٠٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرھەڵدانەوەی داعش و مەترسییەکانی بۆ سەر سەقامگیریی عێراق تاوتوێ کران. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی ھاوپەیمانیی نێودەو‌ڵەتی لە پشتیوانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا کرد، ھەروەھا جەختی لە گرنگیی دڵنیابوون لە بنەبڕکردنی یەکجارەکیی داعش و پێویستیی ھەماھەنگی و ھاوکاریی نێوان ھەولێر و بەغدا لەگەڵ ھاوپەیمانان کردەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە دوای ئەو ھەموو ساڵە کاتی ھاتووە تێڕوانینێکی ھاوبەشی لایەنە عێراقییەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانی عێراق بەگشتی گەڵاڵە ببێت و بۆ ئەو مەبەستە لایەنە عێراقییەکان ئامادەکاری بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان نیگەرانیی خۆیان لەو ھێرشانە دەربڕی کە کراونەتە سەر ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ھەولێر و بە توندی سەرکۆنەیان کرد، جەختیان لەوەش کردەوە کە ئەم کردارانە کاریگەری لەسەر سەقامگیریی عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەبێت.

لە کۆبوونەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا، دوا سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و پەرەسەندنەکانی خرانە بەر باس و پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ڕێککەوتن لەسەر پرسی دادگای فیدرالی، بەرز نرخێنران.

ھەوڵەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ‌چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقدا، بەھێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوودوەرگرتن لە پشتگیریی نێودەوڵەتی، دۆخی ئابووریی عێراق، کاریگەرییەکانی کۆرۆنا و ڕەوشی ئاوارە ‌و پەنابەران، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکە بوون.





ئەم هەواڵە 448جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad