English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێراق و ئەمریكا لە مەترسیی كەمپی (هۆل)ی پاشماوەكانی داعش دەكۆڵنەوە
2021-04-28 [04:44 AM]

ZNA-هەولێر


ئەمڕۆ چوارشەممە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ماتیۆ تۆلێر باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە مەترسیی مانەوەی کەمپی (ھۆل)ی پاشماوەکانی داعش کرد.

دوای کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق، نووسینگەی قاسم ئەعرەجی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ھەردوولا باسیان لە مەترسییەکانی کەمپی ھۆل کردووە، کە بە ھەزاران پاشماوەی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ژنە داعشی و منداڵەکانیانی لێ دەژی.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە کە تۆلێر و ئەعرەجی باسیان لە دۆسیەی کەمپی (ھۆل)ی سەر سنووری سووریا و عێراق کردووە، کە چ مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ناوچەکە ھەیە، بەتایبەتی لە کاتێکدا ژمارەیەکی گەورەی داعشییەکانی پەنا داوە.

کەمپی ھۆل لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ دەستبەسەرکردنی چەکدارانی پاشماوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و ھاوسەر و منداڵەکانیان لە سنووری شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە، ھەزاران کەسی خەڵکی وڵاتانی جیاجیای لەخۆ گرتووە، لەناویاندا ژمارەیەکی زۆری عێراقی ھەن.

ھەسەدە و ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام داوا لە وڵاتان دەکەن ھاووڵاتییانی خۆیان کە پەیوەندییان بە داعش کردبوو و ئێستا لە کەمپەکە دەستبەسەرن، وەربگرنەوە، بەڵام زۆرینەی وڵاتەکان رەتی دەکەنەوە ھاووڵاتییە داعشەکانیان وەربگرنەوە، بەم ھۆیەوە تا ئێستا ئەم پاشماوانەی داعش لەوێ ماونەتەوە و لە ماوەی ئەمساڵیشدا دەیان داعشی لەناو کەمپەکەدا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراون، بەردەوامیش مەترسیی تێکچوونی دۆخی کەمپەکە و ڕاکردنی بەکۆمەڵی دەستبەسەرکراوانی داعش لەو کەمپە ھەیە.

ھەفتەی رابردووش ئەندامێکی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ناوی عەبدولخالق عەزاوی ڕای گەیاندبوو کە چاوەڕوان دەکرێ ژمارەیەکی تر لە چەکدارانی پاشماوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کەمپی ھۆلەوە بگەڕێندرێنەوە عێراق، لە کاتێکدا ئەمانە مەترسییەکی گەورە لە داھاتوو دروست دەکەن.

عەزاوی گوتبووی حکوومەتی فیدراڵی لیژنەیەکی ئەمنی پێکھێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو عێراقییانەی پاشماوەی داعشن و لە کەمپی ھۆل دەستبەسەرن، ئەو داعشیانە چەندین تاوانی ترسناکیان دەرھەق بە ھاووڵاتییانی عێراق و سووریاش ئەنجام داوە.

بە گوتەی ئەم پەرلەمانتارە، گەڕانەوەی ژمارەیەکی ئەم داعشیانە بۆ عێراق لە ئانوساتدایە و چاوەڕێی ڕێوشوێنی ئەمنی دەکات لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراق. ئاماژەشی بەوە داوە کە گەڕانەوەی ئەم داعشیانە یان مانەوەیان لە کەمپەکە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر عێراق، چونکە کەمپەکە لەسەر سنووری عێراقە و ھەر کاتێک شتێک ڕووبدات، پاشماوەکانی داعش بە ئاسانی خۆیان دەگەیەننە ناو خاکی عێراق.





ئەم هەواڵە 202جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad