English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هیندستان ژمارەی پێوانەیی لە تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا تۆماردەکات
2021-04-29 [04:23 AM]

ZNA ــ هەولێر


هیندستان ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی لە تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا تۆمارکرد و وڵاتەکەش بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی تووندترین شەپۆلی کۆرۆنا لەوەتەی ڤایرۆسەکە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئەمریکاش بڕیاریداوە بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار هاوکاری پزیشکیی بنێرێتە هیندستان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-04-2021 وەزارەتی تەندروستیی هیندستان رایگەیاند، لەماوەی 24 کاژێری رابردوو 379 هەزار و 257 تووشبووی نوێ تۆمارکراون، 350 مردنی زیاتریش بە بەراورد بە 24 کاژێری رابردوو تۆمارکراون کە ژمارەی مردووانیان بە ڤایرۆسەکە لەماوەی شەو و رۆژێکدا گەیاندووەتە سێ هەزار و 645 کەس.
 
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هیندستان ئەوەشیان بڵاوکردەوە کە کۆی گشتیی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هیندستان 18 ملیۆن و 300 هەزاری تێپەڕاندووە، مردنیش گەیشتووەتە 204 هەزارو 832 کەس.
 
وڵاتان دەستیانکردووە بە ناردنی بوتڵی ئۆکسجین و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، کۆرۆنا هێندە بەربڵاوە، هیندستان فریای پشکنینەکان ناکەوێت، پزیشکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئامارەکان 18 هێندەی ئەوانەن کە رادەگەیێندرێن.
 
ئەمریکا بڕیاریداوە بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار کەرەستەی پزیشکی لە کاژێرەکانی داهاتوو رادەستی هیندستان بکات.
 
کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام خەڵکی وڵاتان بە هۆشیارییەوە سەیری دۆخی هیندستان دەکەن. بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گۆڕاوەکەی هیندستان رۆژانە دەیان هەزاران کەس تووش دەکات و هەزاران تووشبووش دەکوژێت.
 
وڵاتان رێکاری نوێیان گرتووەتەبەر؛ هەندێکیان گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ هیندستان راگرتوون و هەندێکی دیکەش 10 رۆژ هەر کەسێک کەرەنتین دەکەن کە لە هیندستانەوە بچێتە نێو وڵاتەکانیان. 
 
ئۆلیڤەر ڤێران، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا دەڵێت "سەرنجێکی تایبەت خراوەتە سەر ڤایرۆسە گۆڕاوە هیندییەکە. لەم کاتەدا کە قسە دەکەین هیچ تووشبووی گۆڕاوی هیندی لە فەرەنسا تۆمارنەکراوە. ئێمە ئەوە دەزانین، چونکە بەدوو رێگە دەتوانین ئەو ڤایرۆسە دەستنیشان بکەین، ئیدی لە هەر کوێیەک بێت."
 
بەپێی ناوەندی GISAID، ئێستا ڤایرۆسە گۆڕاوە هیندییەکە لە 21 وڵات بڵابووەتەوە و مەترسی بڵاوبوونەوەی لە وڵاتانی دیکەش هەیە.
بەڵام، کۆمپانیا گەورەکانی دەرمان لێدوانی موژدەبەخش دەدەن، بایۆنتێک دەڵێت، ڤاکسینەکەیان دژی ڤایرۆسە گۆڕاوە هیندییەکە کاریگەرە، فایزەریش ئاماژە بەوە دەکات کە لە 100 رۆژدا دەتوانن ڤاکسینی بۆ دروستبکەن.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، تاوەکو ئێستا تەنیا لە 10٪ی خەڵکی هیندستان قورچکی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
 
ئامارە فەرمییەکان دەڵێن، رۆژانە 2500 تووشبووی کۆرۆنا لە هیندستان دەمرن، بەڵام بەشێک لە پزیشکان دەڵێن دۆخەکە زۆر لەوە خراپترە، لەوانەیە رۆژانە تاوەکو 13 هەزار کەس لە هیندستان بە کۆرۆنا بمرن.





ئەم هەواڵە 262جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad