English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خه‌دیجه‌ عومه‌ر مزوورى: هه‌بوونى یاسایه‌کى تایبه‌ت بە تاوانەکانی داعش له‌ سیستمى یاساى هه‌رێمى کوردستاندا زۆر گرنگ بوو
2021-05-10 [07:57 AM]

​ZNA - هەولێر


ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى یاساییى په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند: "له‌ دانیشتنى روژانی رابوردویی په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ پرۆژه‌یاساکه‌ کراوه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى په‌رله‌مان که‌ دواى جه‌ژنى ڕەمه‌زان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، پرۆژه‌یاساکه‌ په‌سه‌ند ده‌کرێت".

خه‌دیجه‌ عومه‌ر مزوورى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاساییی په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆسی ڕاگه‌یاند: "هه‌بوونى یاسایه‌کى تایبه‌ت بە تاوانەکانی داعش له‌ سیستمى یاساى هه‌رێمى کوردستاندا زۆر گرنگ بوو، ئێمه‌ ده‌زانین تیرۆریستانى داعش له‌ ماوه‌ى ڕابردوو زۆرترین تاوان و کارى دژ به‌ مرۆڤایه‌تییان ده‌رهه‌ق به‌ هاووڵاتییانى کوردستان، به ‌تایبه‌ت کوردانى ئێزدى و هاووڵاتییانی مه‌ده‌نیى ناوچه‌ جیاوازه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستان کرد، بۆیه‌ بوونى یاسایه‌کى له‌م شێوەیه‌ گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ وه‌ک هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ ده‌بێته‌ چوارچێوه‌یه‌کى یاسایى، هه‌م بۆ ناساندنى تاوانه‌ جۆربه‌جۆره‌کانى داعش و دۆزینه‌وه‌ى چوارچێوه‌یه‌کى یاسایى بۆیان، هه‌م بۆ خوگونجاندن له‌گه‌ڵ ڕێککه‌وتنى نێوه‌ده‌وڵەتى که‌ عێراق واژووى کردووه‌، چونکه‌ بیرمان نه‌چێت لایه‌نى نێوده‌وڵەتى ده‌توانێت هاوکارێکى سه‌ره‌کى بێت بۆ کۆکرنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌نامه‌کان و دۆزینه‌وه‌ى ته‌واوى تیرۆریستان و به‌سزاگه‌یاندیان و ته‌نانه‌ت هاوکاریکردنى که‌سوکارى قوربانیانى تاوانه‌که‌ و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان".

خه‌دیجه‌ گوتیشى: "پرۆژه‌یاساکه‌ له‌ ٣٣ ماده‌ و هۆیه‌کانى ده‌رچوواندنى پێک هاتووه‌، ئێستا خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى بۆ کراوه‌ و له‌ جه‌لسه‌ى داهاتووى په‌رله‌مان کە ده‌کەوێته‌ دواى جه‌ژن په‌سه‌ند ده‌کرێت، هه‌ر به‌پێى یاساکه‌ سندووقێکى هاوکاریی تایبه‌ت به‌ قه‌ره‌بووکرنه‌وى که‌سوکارى قوربانیانى ده‌ستى داعش داده‌مه‌زرێت، ته‌واوى ئه‌و هاوکارییانهی‌ چ له‌ ئاستى ناوخۆ و چ له‌ ئاستى ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵەتییه‌کان کۆ ده‌کرێته‌وه‌ لەو ‌سندووقه‌دا‌ داده‌نرێت و دواتر به‌ شێویه‌کى دادپه‌روەرانه‌ به‌ سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌کرێت".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی یاسایی ڕوونیشى کرده‌وه‌: "باره‌گاى سه‌ره‌کیى داگاکه‌ له ‌هه‌ولێر، پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت و به‌پێى یاساکه‌ سه‌رۆکى دادگاى تایبه‌تمه‌ند ده‌توانێت، داواى یارمه‌تى له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵەتى بکات بۆ نارنى دادوه‌ر و ڕاوێژکارى شاره‌زا له ‌بوارى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانى مرۆڤایه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌رکه‌ى له ‌ئه‌ستۆى دادگاى تایبه‌تمه‌نده‌ وه‌ک خۆى جێبەجێی بکات".

ئێستا له‌  کوردستان و عێراق و ڕۆژئاواى کوردستان ژماره‌یه‌کى زۆر ئه‌ندام و چه‌کدارى ده‌ستگیرکراوى داعش هه‌ن، که‌ به‌شێکیان خه‌ڵکى عێراق و سووریان، ژماره‌یه‌کیشیان چه‌کدارانى وڵاتانى دیکه‌ و بیانین، هه‌ندێک له‌ وڵاتان تا ئێستا ئاماده‌ نین ئه‌و چه‌کدارانه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌.

په‌رله‌مانى کوردستان سه‌رقاڵى په‌سه‌ندکردنى پرۆژەیاساى ''دادگاى تاوانکاریى تایبه‌تمه‌ند به‌ تاوانه‌کانى (داعش)''‌ له‌ هه‌رێمى کوردستانە، تاوه‌کوو لەو ڕێگه‌یه‌وه‌ کار بۆ بەسزاگه‌یاندنى هه‌موو ئه‌و تیرۆریسته‌ داعشانه‌ بکات که‌ تاوانى دژ به‌ مرۆڤایه‌تییان دژى هاووڵاتییان و خه‌ڵکى سڤیلى کوردستان و ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ هەرێمى کوردستان کردووە. 





ئەم هەواڵە 442جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad