English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری ناوخۆ: چاکسازی لە وەزارەتی ناوخۆ ھەر لە یەکەی پاسەوانی کورت ناکرێتەوە
2021-05-17 [03:08 AM]

ZNA-ھەولێر




رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ لیژنەی دارایی لەسەر بەدواداچوونی یاسای چاکسازی کۆبوومەوە و شیکردنەوەمان بۆ لیژنەکە کرد، کە لە چ قۆناغێکداین.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کۆبوومەوە، بەدواداچوونمان بۆ یاسای چاکسازی کرد و ئامانجمان بوو پەرلەمان لە جێبەجێکردنی یاساکەدا، پشتگیری زیاتری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات، ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە ھەبوو، بۆ لیژنەکەمان شیکردووەتەوە، کە لە چ قۆناغێکداین".

گوتیشی: "ئەو پەیڕەوەی پێویستبوو بۆ دروستکردنی یەکەی پاسەوانی، یان بەڕێوەبەرایەتی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ، بە واژووی سەرۆکی حکومەت دەرچووە، لەدوایین کۆبوونەوەدا بڕیاری لێدراوە، دوای ئەمەش وەزارەتی ناوخۆ دەست بەدروستی کردنی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەکات".

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو پێکھاتانەی پێویستە لەچوارچێوەی یەکەی پاسەوانی دروست ببن، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، لەو چوارچێوەیەدا ھەموو ئەو یەکە پاسەوانییانەی لە وەزارەتی پێشمەرگە، زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، و دەزگا ئەمنییەکان و پۆلیس، سەرجەمیان ھەڵدەوەشێنەوە و دەکرێنە یەک بەڕێوەبەرایەتی و لە وەزارتی ناوخۆ رێکدەخرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم پڕۆژەیەمان بۆ لیژنەی دارایی شیکردەوە، کە پڕۆسەیەکە پشوودرێژی دەوێت، بۆیە ھەم پێویستی بە پشتگیری زیاتری پەرلەمان ھەیە و پشتگیری و ھاوکاریی لایەنە سیاسییەکانیشی دەوێت، بابەتی پاسەوانی بابەتێکی گشتگیرە، داوا لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم، لەو بڕگەیەی پەیوەستە بە حزبەکان ھاوکارییەکی باشمان بکەن، تا بتوانین لە ئایندەیەکی نزیکدا خشتە و رێنمایی رێکخستنی پاسەوانی بارەگای لایەنە سیاسییەکان دەربکەین".

رێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد، "چاکسازی لە وەزارەتی ناوخۆ ھەر لە یەکەی پاسەوانی کورت ناکرێتەوە، بەڵکو چەندین رێنمایی و یاسای تایبەتمان لەبەردەستدا بووە و ھەنگاوی باشمان بۆناون، لەوانە یاسای تایبەت بە کۆمپانیا ئەمنییەکان، کە وەزارتی ناوخۆ پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە و لەوێش پەسەند کراوە، و ئامادەیە بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، تا بەپێی ئەم یاسایە چاکسازییەکی گەورە لەو بوارە تایبەت و ھەستیارەدا ئەنجام بدات".

ئاشکراشی کرد، "بێجگە لەمە، وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوەی بە راژەی ھەموو ئەو فەرمانبەرە شارستانییانەدا کردۆتەوە، کە لە رووی مووچە و پلەوە لادانێک ھەبووە لە رێنمایی و یاساکان، ئەوەشمان خستووەتە بەردەم لیژنەی دارایی".

وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە، "ئێمە بەگشتی وەکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەکو وەزارەتی ناوخۆ ھەمیشە سوورین لەسەر ئەوەی چاکسازی بکەین و داوای ھاوکاریش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین، لە ھاووڵاتیان، پەرلەمان، حزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیش، کە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی پشتیوانی ئەو کابینەیە بن".

جەختیشی کردەوە، "پڕۆسەی چاکسازی تەنیا لە یاسای چاکسازی کورت ناکرێتەوە، ئێمە ھەر لەگەڵ دەستپێکی ئەو کابینەیە لەسەر بنەمای چاکسازیی دەستمان بەکارکردووە، لەسەر بنەمای چاکسازیی کارمان کردووە، واتا پێش ئەوەی یاسای چاکسازیش دەربچێت، ھەموو ئەو پڕۆسەیەی پێویست بووە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، رێکاری پێویستی بۆ گیراوەتەبەر".





ئەم هەواڵە 1057جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad