English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە مۆسکۆ یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت
2021-07-19 [10:57 AM]

ZNA – تاران


بە نمایشی 15 فیلمی سینەمایی و 20 کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم، یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ لە رووسیا بەڕێوەدەچێت.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بە بەرپرسیاریی گولیزەر گەردەن زەری، بە مەبەستی رەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کورد و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 15 فیلمی سینەمایی و 20 کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم لە سینەماکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان و وڵاتانی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی "کارۆ ئاڕت". لە رۆژانی 21 تا 25ی ئەم مانگە لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتۆبەر" لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

بەرپرسانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: کوردەکان یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژووییەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاوازیان هەیە. خەباتی ئەوان بۆ سەربەخۆیی، بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەمووی ئەم تایبەتمەندیانە لە سینەمای هاوچەرخی کوردیدا خۆی دەرخستووە. فیلمی "زارە" لە دەرهێنانی هاموو بەیک نازاریان یەکەمین فیلم سەبارەت بە کوردەکان لە مێژووی سینەمای جیهان دێتەئەژمار. ئەم فیلمە چیرۆکییە بێدەنگە لە ساڵی 1926 لە لایەن ستۆدیۆی فیلمسازی "ئەرمەن فیلم" وێنەگیراوە، باس لە ژیانی کوردانی ئێزدی لە ئەوپەڕی قەفقاز و خەباتی ئەوان لە دژی بەرپرسانی تێزاری دەکات.

رووداوە گرینگەکانی دوایی لە سینەمای کوردیدا، سەرهەڵدانی ئەکتەر و دەرهێنەری ئەفسانەیی ئەڵماز گۆناییە کە کوردەکان ئەو بە باوکی سینەمای کوردی دەناسن؛ فیلمی سینەمایی "رێگا" لە دەرهێنانی ئەم سینەماکارە مەزنە کوردە سەبارەت بە خەبات و ژیانی کوردەکان لە باکووری کوردستانە، ئەم فیلمە، خەڵاتی بەنرخی چڵە خورمای لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە فەرەنسا لە ساڵی 1982 بەدەستهێنا و هەروەها کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی جیهانی "گۆڵدەن گڵووب" لە ئەمەریکا بوو.

سینەمای کوردستان بە درەوشانەوەی بەرهەمە جوانەکانی سینەماکارانی ناوداری خۆی لەوانە: "بەهمەن قوبادی"، "هونەر سەلیم"، "شەوکەت ئەمین کورکی"، "جانۆ رۆژبەیانی"، "مانۆ خەلیل" و ... لە جیهاندا دەناسرێت. سینەمای کوردی نەوەک تەنیا لە نێوان دیاسپۆڕەکانی دنیادا بە خێرایی بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵکوو خۆشەویستییەکی تایبەتیشی هەیە. فێستیڤاڵەکانی فیلمی کوردی بە سەرکەوتوویی لە پێتەختەکانی ئەورووپا و وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بەڕێوەدەچن و فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"ش لەم بنەما رەسەنە و گرینگە بەدەر نییە.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" رووداوێکی فەرهەنگی مێژوویی بۆ هەموو کوردانی جیهان دێتەئەژمار. ئەمڕۆکە نزیکەی 70 هەزار کورد لە رووسیا ژیان بەسەردەبەن؛ ئەم فێستیڤاڵە، بە پاراستنی شووناسی نەتەوایەتی، گەشەپێدانی زمانی دایکی و فەرهەنگی نەتەوەیی و هەروەها بە هاوبەشی میراتی مێژوویی و کەلتووریی خۆیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی رووسیا یارمەتی دەبەخشێت.

بینەرانی ئەم رووداوە سینەماییە دەتوانن سەیریی هەندێک لە باشترین فیلمە مۆدێڕنەکانی کوردی بکەن کە لە فێستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە سەرتاسەری جیهان، خەڵاتیان بەدەستهێناوە و ناسێندراون و هەروەها لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ستافی ئەم فیلمانەدا بەشداریی بکەن و پرسیارەکانی خۆیان لەم سینەماکارە کوردانە بپرسن و گوێبیستی وڵامەکانیان بن.

بە گشتیی بەرنامەی فێستیڤاڵ، 35 فیلمی لە ژانڕە جۆراوجۆرە سینەماییەکان لەخۆ دەگرێت کە زۆربەیان بۆ یەکەمین جار لە رووسیا نمایش دەکرێن. 15 فیلمی سینەمایی لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتۆبەر" دەچنە سەر پەردەی سینەماکان و 20 کورتە فیلمیش بڕیاروایە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم رووداوە سینەمایی، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش بکرێن.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بە شێوەی پێشبڕکێی بەڕێوەناچێت و دەنگی ئەندامانی لێژنەی دادوەران ناخرێتەڕوو، چونکە مەبەستی سەرەکی ئەم رووداوە سینەماییە ناساندنی سینەمایی کوردییە. لەم فێستیڤاڵەدا، بینەران ئەو فیلمانە دەبینن کە تیایدا کەلتووری کوردیی، مێژوو و تایبەتمەندییەکانی ئەم خەڵکە، ژیانی مۆدێڕن و مەسەلەکانی دیکەی پەیوەست بە کوردەکان رەنگی داوەتەوە کە دەتوانن ئەم بەرهەمە سینەماییە گرینگانە بە زمانی سەرەکی و بە ژێرنووسی زمانی رووسی ببیینن.

مەنسوور جیهانی





ئەم هەواڵە 160جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad