English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گی حه‌وت كشانه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان تاوتوێ ده‌كات، بەریتانیا ده‌ڵێت پێناچێت ماوەی کشانەوە درێژبکرێتەوە
2021-08-24 [12:42 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

وابڕیارە ئه‌مڕۆ سێشەممە سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت کۆببنەوە و تاوتوێی ڕەوشی ئەفغانستان بکەن، هەندێک لە وڵاتانیش داوا لە ئەمەریکا دەکەن هێزەکانی تاكو 31ی ئه‌م مانگه‌ لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە تاوەکو یارمەتیدەر بن لە گواستنەوەی هاوڵاتیان لەو وڵاتەدا، وەزیری بەرگری به‌ریتانیا بێن واڵاس وتی پێناچێت حکومەتی ئەمەریکا ماوەی کشانەوەی هاوڵاتیانی و ئەفغانیەکان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ درێژبکاتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا ڕووبەڕووی فشار دەبێتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کشانەوەکە کە تەنها یەک هەفتەی ماوە، هێشتا هەزاران کەس چاوەڕێ دەکەن وڵاتەکە جێبهێڵن.

لەلای خۆشیەوە تاڵیبان ڕایگەیاندووە سەرجەم داواکان بۆ درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە بایدن وتی حەز ناکات ماوەکە درێژ بکاتەوە، بەڵام گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکرێت.

وەزیری بەرگری به‌ریتانیا بێن واڵاس بە سکای نیوزی وت " پێناچێت درێژبکرێتەوە، نەک تەنها لەبەر ڕاگەیاندراوەکەی تاڵیبان، بە بەیاننامەکەی سەرۆک بایدنیشدا دیارە."

وتیشی " بەڵام شایستەی ئەوەیە هەموومان هەوڵی بۆ بدەین، هەوڵیش دەدەین."

واڵاس وتی ئەگەر هێزەکانی ڕۆژئاوا لە 31 ی مانگی هەشتدا وڵاتەکە جێنەهێڵن ئەوا دەکرێت ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەکە یاخود ڕێگەی فڕۆکەخانە لە خەڵکەکە بگیردرێت.

وتی " ئەگەر هێرش بکرێتە سەر فڕۆکەخانەکە ئەوا دادەخرێت، لەکاتێکدا ئەگەر بە هاوەن لە فڕۆکەخانەکە بدرێت ئەوا ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی مرۆیی دەبیتەوە."

واڵاس وتی بەبێ بوونی سوپای ئەمەریکا هەوڵەکانی هێزەکانی به‌ریتانیا بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ سەرکەوتوو نابێت.

واڵاس وتی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا به‌ریتانیا نزیکەی 8,600 کەسی لە ئەفغانستان هێناوەتە دەرەوە، 2000 کەسیان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بوون. ئاماژەی بەوەدا " ناتوانین لەو ماوەیەی دیاریکراوە هەمووان بگوازینەوە."

سەرۆک وەزیری به‌ریتانیا بۆریس جۆنسن وتی " داوا لە هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان دەکەین لە پاڵ گەلی ئەفغانستاندا بوەستن و پشتیوانیکردنی پەنابەران و یارمەتیە مرۆییەکان زیاد بکەن."

بەڵام زۆرێک لە ئەفغانیەکان دەڵێن زۆر قورسە لە خاڵە پشکنینیەکانی تاڵیبان دەربازت ببێت کە بە چواردەوری فڕۆکەخانەکەدا دایناون. لەلای خۆشیەوە تاڵیبان هۆشیاریداوە لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە و بە " هێڵی سوور " ناودێری کردووە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی " ڕۆژانە لە گفتوگۆداین لەگەڵ تاڵیباندا لەڕێی کەناڵە سیاسی و ئەمنیەکانەوە، گفتوگۆکانیش سەرجەم ڕووداوەکانی ئێستای کابوڵ لەخۆدەگرێت."

 

voa





ئەم هەواڵە 745جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad