English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کۆریای باکوور موشەکێكی نوێی تاقیکردەوە له‌ دووری هه‌زار و 500 كیلۆمه‌تر ئامانجه‌كه‌ ده‌پێكێت
2021-09-13 [12:43 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

کۆریای باکوور ڕایگەیاند بە سەرکەوتوویی موشەکێکی نوێی مەودا درێژی تاقیکردۆتەوە، ئەمەش دەریدەخات وڵاتەکە لە فراوانکردنی توانا سەربازییەکانی لەنێوەندی چەقبەستوویی دانوستانە ناوەکییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا بەردەوامە، ئه‌م موشه‌كه‌ دەتوانێت لە دووری 1,500 کیلۆمەترەوە ئامانجەکەی بپێکێت.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە موشەکەکە دەتوانێت لە دووری 1,500 کیلۆمەترەوە ئامانجەکەی بپێکێت، دەزگاکە وێنەی موشەکەکەشی بڵاوکردەوە کاتێک هەڵدەدرێت.

کۆریای باکوور وتی موشەکە نوێیەکانی " چەکێکی ستراتیژین و تایبەتمەندییەکی گەورەیان هەیە." ئاماژەی بەوەدا موشەکەکان بەجۆرێک دروستکراون کە بتوانرێت بە کڵاوەی ناوەکییەوە ببەسترێن.

کۆریای باکوور دەڵێت پێویستی بە چەکی ناوەکی هەیە تاوەکو بتوانێت خۆی بەدوور بگرێت لە وەکو خۆی دەڵێت ململانێکان لەگەڵ ئەمەریکا و کۆریای باشووردا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوورە لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور دەستبەرداری بەرنامە ناوەکیەکەی بێت و سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکەی نێوان ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2019 دا، دانوستانەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی لە نیمچە دوورگەی کۆریا وەستاوە.

لەو کاتەدا ئەمەریکا داواکانی کۆریای باکووری ڕەت کردەوە بۆ لابردنی سزاکان لەبەرامبەردا پیۆنگیانگ کارخانەیەکی ناوەکی کۆن لەکاربخات.

لە مانگی سێدا کۆریای باکوور کۆتایی بە تاقیکردنەوە موشەکیە باڵیستیکیەکانی هێنا کە بەدرێژایی ساڵێک بەردەوام بوون، دوایین تاقیکردنەوە موشەکیەکان لە مانگی سێدا بوون کاتێک دوو موشەکی مەودا ناوەندی بە ئاڕاستەی دەریا هەڵدا، بەمەش کۆریای باکوور بەردەوام بوو لە تاقیکردنەوەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکانی ئەمەریکا.

حکومەتەکەی کیم تاوەکو ئێستا داواکانی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنی بۆ گفتوگۆکردن ڕەت کردۆتەوە، داوا دەکات ئەمەریکا سەرەتا سیاسەتە " دوژمنکارییەکانی " ڕابگرێت، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ سزاکان و هاوپەیمانیە سەربازییەکەی ئەمەریکا لەگەڵ کۆریای باشووردا.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا 28,000 سەربازی لە کۆریای باشوور جێگیرکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.

سەرکردایەتی ئیندۆ پاسیفیکی ئەمەریکا وتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و چالاکیەکانی کۆریای باکوور دەریدەخەن کە ئەو وڵاتە " بەردەوامە لە پەرەپێدانی بەرنامە سەربازییەکان و هەڕەشەکانی بۆ سەر دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."





ئەم هەواڵە 391جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad