English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مەسرور بارزانی :  پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کاربکەن
2021-10-13 [02:34 AM]

ZNA- ھەولێر 



ئەمڕۆ چوارشەممە (١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد و رایگەیاند، پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کاربکەن.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت بە بۆنەی کۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گشت لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن کرد و سوپاسی پێشمەرگە و پۆلیس و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بە گشتی کرد، کە ئەرکی خۆیان سەرکەوتووانە بەجێگەیاند لە رەخساندنی زەمینەیەکی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.

سەرۆک حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق بەیەکەوە یەکگرتووانە و بەھەماھەنگیی و یەکڕیزی کاربکەن، لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، دوور لە ململانێی ناوخۆیی، دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەک لەگەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ھەموو جیاوازیی و رەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و ھەماھەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی، ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کرد و پیرۆزبایی دەرچوونی نوێنەرانی کوردی لەو ناوچانەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامی ھەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان، دووپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە، جەختیشی لەوە کردەوە. کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە رێی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، کاربکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.

پاشان "کەمال ئەتروشی"، وەزیری سامانە سروشتییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی پێشکەش کرد، کە تایبەت بوو بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە ھەماھەنگی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگیی و بەدواداچوون "عەبدولحەکیم خەسرەو"، راپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و رێکخستنەوەی داھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین راسپاردەی تێدابوو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لەپێناو  بەکارھێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی ھەر یەک لە "فەرسەت ئەحمەد"، وەزیری داد، "ڤالا فەرید"، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و  ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بە ھەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە، بە ئاراستەی زامنکردنی ماف وشایستەکانی ھەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن بە باشترین شێواز لە ماف ودەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێم، لە ڕێگای تیمی قانونی شارەزا، لە ژێر ڕێنمایی وسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران.





ئەم هەواڵە 394جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad