ZNA - ههولێر
ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، عیماد جەمیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە تا سبەی سێشەممە پێشکەشکردنی تانەکان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان بەردەوام دەبێت و گوتی: "سبەی دوا مۆڵەتە بۆ ئەوەی لایەنەکان تانەکانیان لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش بە کۆمیسیۆن بکەن".
عیماد جەمیل راشیگەیاند کە دواتر لە ماوەی یەک ھەفتەدا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وردبینی و پێداچوونەوە بۆ تانەکان دەکات و پاشان لە ماوەی ١٠ رۆژدا، دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان بە تانەکاندا دەچێتەوە و گوتی: "دوای وردبینی و پێداچوونەوە بە ئەنجامی تانەکاندا، ناوی ئەندامە نوێیەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە ژمارەیان ٣٢٩ کەسە رادەگەیەندرێت".
ئاشکراشیکرد کە دوای راگەیاندنی ئەنجامی تانەکان، ئەنجامەکانی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسەند دەکرێت بەر لەوەی بەرزبکرێتەوە بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی.
ئەم هەواڵە 3325جار خوێندراوەتەوە |