ZNA – هەولێر
لەتوركیا فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە بیانییەکان لە مانگی تشرینی دووەمدا لەسەر بنەمای ساڵانە بە رێژەی 48.4% بەرزبووەتەوە و ئێرانیەكان پلەی یەكەمیان گرتووە و عێراقیەكانیش لەپلەی دووەم دێن.
بە گوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، لە مانگی تشرینی دووەمدا 178 هەزار و 814 یەکەی نیشتەجێبوون فرۆشراون، کە لەو بڕەدا 7 هەزار 363 یەکەی بە بیانییەکان فرۆشراوە.
ئێرانییەکان لە پلەی یەکەمی کڕیارانی خانووبەرەی تورکیان و لەو مانگەدا هەزار و 406 یەکەی نیشتەجێبوونیان لە تورکیا کڕیوە، لە دوای ئەو عێراق لە پلەی دووەمدایە و هەزار و 75 یەکەی نیشتەجێبوونی لە تورکیا کڕیوە، رووسکانیش بە کڕینی 836 یەکەی نیشتەجێبوون لە پلەی سێیەمدان.
بەمەش فرۆشی یەکەی نیشتەجێبوون بیانییەکان بە رێژەی 39.4% لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو مانگی تشرینی دووەم، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە. کە لەو ماوەیەدا 50 هەزار و 735 یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن بیانییەکانەوە کڕدراوە.
ئەم هەواڵە 835جار خوێندراوەتەوە |