ZNA_ هەولێر بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ ئاسمانی هەرێم هەور و باران دەبێت، دەشڵێت، لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و لە ئێوارەدا دەگۆڕیت بۆ نیمچە هەور.
ئاماژەی بەوەشداوە، سبەینێ لە پارێزگای هەولێر ئاسمان هەور دەبێت و لە ناوەندی شار لەکاتی بەیانی زوودا نمەباران دەبێت، دەشڵێت، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و لەسەر لوتکە بەرزەکان ئاستی بەفربارین زیاتر دەبێت و ئێوارەش کاریگەری بەفر و باران لاواز دەبێت.
لەبارەی کەش و هەوای پارێزگای سلێمانییەوە سبەینێ لەکاتی بەیانیدا ئاسمان هەور دەبێت و باران دەبارێت، لەناوچە شاخاوییەکان و لوتکە بەرزەکان بەفردەبارێت و لەبەشێکی پارێزگاکە باران و بەفر زیاتر دەبێت.
راگەیەنراوەکەی کەشناسی هەرێم لەبارەی کەشوهەوای پارێزگای دهۆکەوە ئاماژەی بەوەشداوە، سبەینێ ئاسمان هەوردەبێت و ئەگەری نمەبارانی هەیە. لە لوتکەی شاخە بەرزەکان لەکاتی بەیانی زوو بەفر دەبارێت.
هەروەها، لەبارەی کەش و هەوای پارێزگای هەڵەبجەوە کەشناسی هەرێم ئەوەی خستووەتەڕوو، سبەینێ لەکاتی بەیانیدا ئاسمان هەور و باران دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبێت و لەسەر لوتکە بەرزەکان ئاستی بەفربارین زیاتر دەبێت و ئێوارەش کاریگەری بەفر و باران لاواز دەبێت.
لەبارەی کەش و هەوای پارێزگای کەرکوکەوە راگەیەنراوەکەی کەشناسی هەرێم باسی لەوەکردووە، سبەینێ ئاسمان نیمچەهەور و هەندێکات هەوری تەواو دەبێت و لەکاتی بەیانی زوودا نمەباران دەبێت.
ئەم هەواڵە 667جار خوێندراوەتەوە |