English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: هەفتەی رابردوو زۆرترین تووشبوو تۆمارکراون
2022-01-13 [12:00 PM]

هەولێر—ZNA


بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەفتەی رابردوو زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان تۆمارکراون. تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی WHO رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت "هەفتەی رابردوو، تۆماری زیاتر لە 15 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان بۆ WHO نێردراوە، کە ئەوە زۆرترین ژمارەی تووشبووانە لە یەک هەفتەدا تۆمارکرابێت، دەشزانین ژمارە راستەقینەکە لەوە زیاترە کە مەزەندە کراوە. بەرزبوونەوەی گەورەی تووشبووان بەهۆی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوەیە کە بە خێرایی لە هەموو وڵاتان شوێنی دەلتا دەگرێتەوە." وێڕای ئەوە، بەڕێوەبەری گشتیی WHO دەڵێت، هەرچەندە ژمارەی ئەو تووشبووانەی رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون زیادبوون، لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە رێژەی گیانلەدەستدان بە سەقامگیری ماوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کوشندەیی ئۆمیکرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکە کەمترە. دەشڵێت، وەرگرتنی ڤاکسین باشترین چارەسەرە بۆ وەستاندنی کۆرۆنا و گۆڕاوەکانی. بەڕێوەبەری گشتیی WHO دەشڵێت "پێویستە رێگە نەدەین ئەم ڤایرۆسە بە ئازادی بڵاوبێتەوە یان ئاڵای سپی هەڵبدەین، بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە خەڵکێکی زۆر لە سەرانسەری جیهان هێشتا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. لە ئەفریقا، زیاتر لە 85٪ی خەڵک هێشتا تەنانەت یەک قورچکە ڤاکسینیشیان وەرنەگرتووە." رێکخراوە تەندروستییەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر هۆشداریدا کە تاوەکو شەش بۆ هەشت هەفتەی دیکە نیوەی ئەوروپییەکان تووشی کۆرۆنا دەبن. وڵاتە ئەوروپیەکانیش گوشاریان لەسەر ئەو کەسانە زیادکردووە، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. لە نەمسا کە 74٪ی دانیشتووانی دوو قورچک ڤاکسینیان وەرگرتووە، پۆلیس لە مۆڵ و فرۆشگا و شوێنە گشتییەکان چاودێریی خەڵک دەکات و ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتبێت یان ماسکیان نەبەستبێت وەکو سزا 90 یۆرۆیان لێ وەردەگرن. مارکوس دریچ، گوتەبێژی پۆلیسی ڤییەننا دەڵێت "دوێنێ، ئێمە پێنج هەزار و 100 جار پشکنینیمان بۆ تۆماری ڤاکسین و دوو هەزار و 500 جاریش بۆ بەستنی ماسکمان کرد. لە ئەنجامدا 12 کەس بە پێبژاردن سزادران و 34 سکاڵاش تۆمارکران، بۆیە دەبینی خەڵک رێکارەکان جێبەجێدەکات." لە شاری سۆفیای پایتەختی بولگاریا دۆخەکە جیاوازە. خۆپێشاندان دژی بەستنی ماسک و ڤاکسینی ناچاری کرا. گرژی لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەراندا دروستبوو. ڤاسیل ئۆگنیانۆڤ، خۆپێشاندەر لە شاری سۆفیا بولگاریا دەڵێت "رێکارە خۆپارێزییەکان و تۆقین لە کۆرۆنا مایەی شەرمەزارین، وێرانکەرن، هێشتا کاتمان بەدەستەوەیە و دەتوانین رەتیانبکەینەوە. ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەستبدەین ئەوا وەکو وڵاتانی رۆژئاوامان لێدێت. ئەوان چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنا دەکەن؟ ئەوانەی ڤاکسینیشیان وەرگرتووە نەخۆش دەکەون." بەرپرسانی پارێزگەی کوبێکی کەنەداش لە رۆژی سێشەممە بڕیاریاندا ئەوانەی ڤاکسین وەرناگرن بە 100 تاوەکو 500 دۆلار سزا بدرێن، هەر لەو رۆژەدا زیاتر لە 7 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی قورچکی یەکەمی ڤاکسین تۆمارکرد. ئەوە هەنگاوەی بەرپرسانی پارێزگەی کوبێک لە کاتێکدا بوو کە 10٪ی پێگەیشتووانی پارێزگاکە ڤاکسینیان وەرنەگرتبوو و نیوەی ئەوانەی لە یەکەکانی چاودێریی چڕدا خەوێنرابوون نەکوتراوەکان بوون.





ئەم هەواڵە 226جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad