ZNA - هه‌ولێر
گوته‌بێژی كۆشكی سپی، جێن ساكی ئاشكرای كرد وه‌ك رێكارێك له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی گریمانه‌كراوی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرینا به هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌یان گوتووه ئۆكراینا جێبهێڵن به‌ڵام له ئێستادا پلانی دهربازكردنیان نییه.
جێن ساكی له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی رۆژانه‌ی خۆیدا له كۆشكی سپی، هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ دوایین پێشهاته‌كانی په‌یوه‌ست به گرژییه‌كانی نێوان ئۆكراینا-رووسیا كرد.
ساكی باسی له‌وه‌كرد سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن له كاتژمێره‌كانی داهاتوودا ڤیدیۆكۆنفڕانسێك له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ئه‌ورووپییه‌كانی سه‌باره‌ت به ئۆكراینا ئه‌نجامده‌دات و گوتی: "له‌میانیدا تاوتوێی هه‌وڵه‌كانی دیپلۆماتی، رێگرییكردن و به‌رگرییكردن ده‌كرێت".
- "له ئێستادا پلانی دهربازكردنمان نییه"
سه‌باره‌ت به بانگه‌شه‌كانی میدیای ئه‌مریكا كه باس له‌وه ده‌كه‌ن "ئیداره‌ی بایدن وه‌ك رێكارێك ره‌نگه سه‌رباز ره‌وانه‌ی باڵی خۆهه‌ڵاتی ناتۆ كه وڵاتانی باڵتیك و پۆڵه‌ندان بكات"، جێن ساكی رایگه‌یاند: "هیچ كاتێك بژارده‌ی ئه‌وه‌ی كه هاوكاریی زیاتر پێشكه‌شی هاوپه‌یمانانمان بكه‌ین له‌سه‌ر مێز، كه له حاڵه‌تی داگیركارییدا، لانه‌داوه. له‌وباره‌یه‌وه راوێژمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌شانمان و وڵاتانی باڵی خۆرهه‌ڵات، به‌رده‌وامه".
ساكی تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای له خانه‌واده‌ی دیپلۆماته‌كانی وڵاته‌كه‌ی كردووه كه ئۆكراینا جێبهێڵن و هۆشداریی گه‌شتكردنی بۆ وڵاته‌كه بۆ مه‌ترسیدارترین ئاست به‌رزكردووه‌ته‌وه و رایگه‌یاند: "له ئێستدا پلانێكی دهربازكردنمان له ئۆكریناوه نییه. به‌ڵام به هاووڵاتییانی ئه‌مریكا ده‌ڵێین وڵاته‌كه جێبهێڵن".
ئەم هەواڵە 313جار خوێندراوەتەوە |