ZNA - ههولێر
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بارودۆخی کۆرۆنا لە ئاستی بەرزبوونەوەدایە بۆیە ھانی ھەموو خەڵکی دەدەین لە وەرگرتنی ڤاکسین، چونکە زیاتر لەسەدا ٧٠ی نەخۆشەکان تووشبووی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنن.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دۆخی کۆڕۆنا لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستی بەرزبوونەوە و بڵاوبونەوەدایە، بەڵام ھێشتا بەردەوامین لە خۆپارێزی و دەبێت ھاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، ھاوکات زیاتر لەسەدا ٧٠ی نەخۆشەکانیش تووشبووی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆنن، بارودۆخی توشبووەکان جیاوازە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی توشبووەکان خراپ نییە".
سامان بەرزنجی، وتی، "ڤاکسینلێدان لە ھاووڵاتیان بەردەوامەو ڕێژەکەش لە بەرزبوونەوەدایە، ئێمەش بەردەوامین لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ ھاووڵاتیانمان، ھاوکات بڕیارمانداوە منداڵانی سەرووی شهش ساڵیش دەتوانن ڤاکسین وەربگرێت، بۆیە لە وەرگرتنی ڤاکسین ھانی ھەموو خەڵکی دەدەین ".
سەبارەت بە دواین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش، وەزیری تەندروستی باسی لهوه كرد، "لە دووھەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوە کراوە و بڕیارەکان لە بواری جێبەجێکردندان، جارێ ھیچ کۆبوونەوەیەکی تر لە ئارادا نیە چونکە ھێشتا بڕیارەکان لەبواری جێبەجێکردندان".
سامان بەرزنجی ئهوهشی خستهروو: " سەبارەت بە دانانی پرسە ئەمە بڕیاری لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنابوو، لیژنەی باڵا لە دوا کۆبوونەوەی بڕیاریدا ئەمساڵ ڕێکخستنی پرسە بە شێوازێکی تەندروست بێت، لەبەر ئەوەی بەداخەوە پرسە چووبووە ناو ماڵ و ناو گەڕەک و کۆڵانەکان و لە ژوورە بچوکەکانی ناو ماڵەکان دوور لە چاوی ئێمە پرسە دادەنرا، بەڵام ئێستا وەزارەتی ئەوقاف ڕاسپێردرا لەلایەن لیژنەی باڵاوە کارو ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر".
KDP.info
ئەم هەواڵە 580جار خوێندراوەتەوە |