ZNA-هەولێر درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەکێکی شاری بەغدا، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەهۆیەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 4 منداڵ و ژنێکن و ئەندامی یەک خێزانن.
عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی عێراق راگەیاند، "شەوی رابردوو بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکەوە لە ناوچەی حورییەی شاری بەغدا چوار منداڵ و ژنێک گیانیان لەدەستداوە."
عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان روونیکردەوە، ئاگرەکە لە دوو خانوو کەوتووەتەوە کە بەشێوەیەکی زێدەڕۆیی لە ناوچەی نواب لە حورییە دروستکراون، بەهۆی درەنگ ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئەو زیانە گیانەی لێکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی عێراق گوتیشی، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، دوای گەڕان، تەرمی 4 منداڵ و ژنێکیان دۆزیوەتەوە کە بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە خنکاون. تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانی عێراق ساڵی رابردوو 2021، لە عێراقدا 31 هەزار و 500 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون. هاوکات بۆ ئەمساڵیش مانگانە نزیکەی 1500 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.
روداو
ئەم هەواڵە 529جار خوێندراوەتەوە |