ZNA – هەولێر
سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی هۆشداری دەدات لەدانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق پێویست ناكات لایەنەكان یەكتربشكێنن ووڵات بەوشێوەیە بەرێوەنابرێت.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانییە، رۆژی شەممە 19-03-2022، لە کۆنگرەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردی فەیلی لە بەغدا رایگەیاند: "هۆشداری دەدەم لە بەکارهێنانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەلایەن لایەنەکانەوە بۆ یەکترشکاندن، چونکە دەوڵەت بە قۆڵبادان و ئێسکشکاندن بەڕێوەنابرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و تەواوکەری، لەگەڵ سەرخستنی بەرژەوەندی گشتیی بەسەر بەرژەوەندی تایبەتدا بەڕێوەدەبرێت".
عەممار حەکیم جەختیکردەوە لەسەر: "گرنگی پشتبەستن بە یەک رێسا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێ لە حکومەتی داهاتوودا بەشداربن، چونکە هاوسەنگی رێگەخۆشکەرە بۆ سەقامگیری".
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی رژێمی پێشووی عێراق بەرامبەری کوردی فەیلی، گوتی: "وشەکان ناتوانن گوزارشت لەو ستەمە بکەن کە لە کوردی فەیلی کراوە، چونکە ئەوان بەهۆی نەتەوە و ئایینزایشەوە کرانە ئامانج، تەنانەت رژێمی بەعس شانازی بە ریشەکێشکردنی کوردی فەیلی لە عێراق و بەکارهێنانیان لە تاقیکردنەوە بایۆلۆژی و کیمیاییەکانیدا دەکرد، بەڕادەیەک 600 هەزار کوردی فەیلی ئاوارە کرد و 20 هەزار گەنجی فەیلیشی بێسەروشوێن کرد، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە".
بڕیارە لە رێکەوتی 26ی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق.
ئەم هەواڵە 469جار خوێندراوەتەوە |