ZNA- هەولێر
رێبەری رەوتی سەدر بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی پەرلەمانی عێراقی رایگەیاند، پاداشتتان دەدەمەوە، بەڵام بە دابەشکردنی کێکەکە نا، دەشڵێت، هەوڵدەدەم ئەو کاتەی کەماومە هەمو پیلانەکانی گەندەڵکاران لە بنیادنانی عێراق لەناوبەرم.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەدوای رازیبوونی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بەبەشداریکردن لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە تویتیکدا نامەیەکی ئاراستەکردن.
سەدر گوتی: "هەرچەندە راستەوخۆ گوێم لێی نەبووە، بەڵام وەڵامێکی هەستپێکراوی برایانی سەربەخۆ بۆ کۆتا تویتی من هەبووە و سوپاسیان دەکەم کە بەرژەوەندی نیشتیمانیان پێش بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان خستووە و هیواخوازم ئەم کارەیان بە خۆشەویستییەکی تەواوە بۆ عێراق ئەنجامبدەن."
ئەو باسی لەوەشکردووە، "سورم لەسەر ئەوەی بە زووترین کات وەڵامێکی جوانیان بدەمەوە، بەڵام نەک بە دابەشکردنی کێکەکە" نە ئێمە بەوە رازین و نە ئەوان بەڵکو لەرێگەی ساڕێژکردنی برینەکان و هەوڵدان بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانمان."
سەدر ئاشکراشیکردووە، "هیوام بە ژیانێکی درێژ نییە، بەڵام هەوڵدەدەم ئەو کاتەی کەماومە هەمو پیلانەکانی گەندەڵکاران لە بنیادنانی عێراق لەناوبەرم."
ئەمەش دوای ئەوەدێت شەوی رابردوودا سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بە داوای رێبەری رەوتی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە رازیبوون.
ئەم هەواڵە 1021جار خوێندراوەتەوە |