ZNA- هەولێر
ئەمڕۆ شەممە 2022.4.2، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، دەستەى باڵاى کۆمەڵەى ئۆتیزمى کوردستان و سەنتەرى ئۆتیزمى حکومى هەولێر، بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى ئۆتیزم، ڕێورەسمێکى تایبەتیان ڕێکخست بۆ ئەو دایک و باوکانەى کە خاوەنى منداڵى تووشبوون بە ئۆتیزم.
لەڕێورەسمەکەدا، کەد.هێمن میرانى، بەرێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و هەریەک لە بەرێوەبەرى گشتی تەندروستى هەولێر و بەرێوەبەرى گشتی گەشەپێدانى چاودێرى کۆمەڵایەتى هەولێر و بەرێوەبەرى EJCC/ پارێزگاى هەولێر و بەرێوەبەرى لقى هەولێرى مانگى سوورى عێراقى ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لە گوتارێکدا وێراى دەست خۆشى لە سەرپەشتیاران و ئەنجمدارانى ڕێورەسمەکە، ڕایگەیاند: "بەپێى ئهو ئامارى فەرمییەى کە لە بەردەستماندایە لەسنوورى پارێزگاى هەولێر (870) منداڵى ئۆتیزم هەن لەبەرامبەریشدا 13 سەنتەرەى چارەسەریمان هەیە کە 12 سەنتەریان ناحکومین، بەشێکى زۆریش لەو منداڵانە سوود لەو سنتەرانە وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە ئەو منداڵانەى تەمەنیان لەسەروى 12 ساڵیدایە ناتوانن سود لەو سەنتەرانە وەربگرن، ئەوەش بە تەئکید بارقورسى و ئازارى ئەو خێزان و دایک و باوکانەى زیاتر کردووە کە ئێمە لە ئازار و ماندووبوونى ئەوان دەگەین چەند زەحمەتە ئەرکیان، لەم بۆنەیەدا ڕادەگەێنین بەمنزیکانە بەردى بناغەى پڕۆژەى سەنتەرێک دادەنێین بۆ ئەو منداڵانە و منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەت، هەروەها ئەو منداڵانەشى کە بێ سەرپەرشتن کە جگە لە چارەسەر و سود وەرگرتن لەم سەنتەرە شوێنى حەوانەوەشیان بۆ دابینبکرێت".
ئەم هەواڵە 439جار خوێندراوەتەوە |