ZNA- ھەولێر وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەرێمی كوردستان باس لەو دوو سەبەتەی خۆراك دەكەن، كە بڕیارە لە مانگی رەمەزان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت.
محەمەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بودجەی پێویستی بۆ دابینكردنی بەشەخۆراك تەرخان كردووە و سەبەتەی سێیەمی خۆراك لە 10 ڕۆژی كۆتایی مانگی ڕەمەزان دابەش دەكرێت.
ئاماژەی بەوەش كرد: "وەزارەتی بازرگانی گرێبەستی لەگەڵ كەرتی تایبەت كردووە، بۆ دابینكردنی سەبەتەی سێیەمی خۆراك، كە بتوانرێت لە ماوەی 10 ڕۆژی كۆتایی مانگی ڕەمەزاندا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت".
لای خۆیەوە، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "ئێمە هێشتا سەبەتەی دووەمی خۆراكمان دەست پێ نەكردووە، بەشێكی خۆراكەكە هاتووە، بەڵام چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامەكانی پشكنین دەكەین و لەنزیكترین كاتدا دەست بە دابەشكردنی دەكرێت".
نەوزاد شێخ كامیل، ئاشكرای كرد، چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ سەبەتەی دووەمی خۆراك لە مانی رەمەزاندا، سەبەتەی سێیەمیش دابەش بكرێت، گوتیشی: "چاوەڕوانین پێش تەواوبوونی مانگی رەمەزان، سەبەتەی دووەم و سێیەمی خۆراك بێت و ئێمەش ئامادەین بۆ وەرگرتن و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییاندا".
سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان بۆ هەر کەسێک پێکهاتووە لە سێ کیلۆگرام برنج و یەک کیلۆگرام شەکر و نیو کیلۆگرام نیسک و نیو کیلۆگرام لەتکەنۆک و یەک لیتر زەیت و 400 گرام دۆشاوی تەماتە.
ئەم هەواڵە 715جار خوێندراوەتەوە |