ZNA - هەولێر لە دووەم شەوی یارییەکانی چوونی قۆناغی هەشتی چامپیۆنزلیگ، ئەمشەو دوو یاری تری بەهێز بەڕێوەدەچن.
لە یەکەم یاریدا لە کاتژمێر 10ی شەو یانەی چێڵسی ئینگلیزی میوانداری یانەی ریاڵ مەدرید دەکات.
چێڵسی بەئاسانی خۆی گەیاندە ئەم قۆناغە، بۆیە ئەمشەو ئەرکی ئاسان نابێت بەرامبەر یانە ئیسپانییەکە،
لەلایەکی ترەوە بلۆز تەنیا ئەم نازناوەی ماوە بۆ ئەوەی لە پێناوی بجەنگێت، ئەمشەو تۆخێل دەیەوێت بە باشترین ئەنجام یاریەکە لە ستامفۆرد بریچ کۆتای پێبهێنێت.
هەرچی ڕیاڵ مەدریدە بە جۆش و خرۆش دەگەڕێتەوە چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی لە قۆناغی ڕابردوو توانی یانەی پاریس سان جێرمان تێکبشکێنێت و دووری بخاتەوە.
کەریم بنزیمەی کاپتن و سەرکردەی یانەی شاهانە گەڕاوەتەوە، ئەمەش چانسێکی تری بەهێزی ئەو یانەیە کە بتوانێت ئەمشەو بە باشترین ئەنجام بگەڕێتەوە مەدرید.
لە دووەم یاریدا و لە هەمانکاتدا، یانەی ڤیاڕیاڵی ئیسپانی میوانداری یانەی بایرن میونشن دەکات.
دوای 13 ساڵ یەکەم جارە ڤیاڕیاڵ بگاتە ئەم قۆناغە، بۆیە هەوڵ دەدات لە یاریەکە بایرن شۆک بکات و بە باشترین ئەنجام بباتەوە.
بایرن میونشن بە بارودۆخی باش گوزەر دەکات و لیڤاندۆڤسکی ئەستێرەی یەکەمی بە 12 گۆڵ، گۆلکاری خولی یانە پاڵەوانەكانە.
ئەم هەواڵە 751جار خوێندراوەتەوە |