ZNA-هەولێر گوێرەی رۆژنامەیەکی بەریتانی، بەشێک لەو گرووپە چەکدارانەی عێراق، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، رووسیا بە گواستنەوەی چەک لە عێراقەوە تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن ئەو چەکانە لە دژی ئۆکراینا بەکاردەھێنێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیان, چەک و کەرەستەی سەربازیی وەکو ئاڕ پی جی، مووشەکی دژە تانک و سیستەمی ھاوێشتنی مووشەکیی بەرازیلی لە عێراقەوە گوازراونەتەوە رووسیا.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە، یەکێک لە سیستەمی مووشەکیی باڤار ٣٧٣ ی دروستکراوی ئێران کە ھاوشێوەی سیستەمی ئێس ٣٠٠ ی رووسییە لەلایەن بەرپرسانی تارانەوە بەخشراوەتە رووسیا و لەگەڵیشیدا سیستەمێکی ئێس ٣٠٠ ی بۆ رووسیا گەڕاندووەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەدوای لادانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەمریکا بەردەوام مەشق و راھێنانی بە سوپای عێراق کردووە و پڕچەکی کردووە.
بەشێکی زۆری ئەو چەک و کەلوپەلی سەربازییەش، کەوتووەنەتە دەستی ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکن و لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە وەکو بەشێک لە شەڕی دژی داعش، خراونەتە سەر سوپای عێراق.
فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی کە بەرپرسی کۆنتڕۆڵی دەروازەی سنووریی شەلەمچەیە بە میدیای بەریتانی گوتووە کە لە ٢٦ ی مانگی ئاداردا، ئاڕ پی جی و مووشەکی دژە تانکی حەشدی شەعبی، کە بەھێزترین گرووپی چەکداری شیعەیە، لەرێگەی دەروازەی سنووری شەلەمچەوە گوازراونەتە نێو ئێران و لەوێشەوە لەلایەن سوپای ئێرانەوە وەرگیراون لە رێگەی دەریاوە بەرەو رووسیا نێردراون.
بەگوێرەی میدیای بەریتانی، حەشدی شەعبی دوو سەکۆی مووشەکھاوێژی ئاترۆس ٢ـی بەرازیلی پارچەکردووە و لە ١ـی نیسانی ئەمساڵدا گواستوویانەتەوە بۆ ئێران.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی میدیای بەریتانی، لە ماوەی ئەو کاتەی کە ئاماژەی پێکراوە، سێ کەشتیی بارھەڵگر کە دووانیان ئاڵای رووسیایان پێوەبووە و یەکێکیشیان ئاڵای ئێرانی پێوەبووە لە بەندەری ئەنزەلییەوە بەنێو دەریای خەزەرەوە چوونەتە شاری ئەستراخانی رووسیا.
ئەم هەواڵە 1399جار خوێندراوەتەوە |