ZNA – هەولێر
عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە راگەیاند، بۆردوومانى ئاسمانى و لەشکرکێشى سەربازى تورکیا لە هەرێمى کوردستان قبوڵکراو نییە و داواى لە حکومەتى عێراق کرد، کە سنوورەکانى بگرێتەوە لەوەى هەر لایەنێک بۆ ئەنجامدانى هێرش لە دژى وڵاتانى دراوسێ بەکاریبهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 19-4-2022، عەمار حەکیم لە تویتێکدا هەڵوێستی خستەروو و دەلێت"داوا لە وڵاتانى دراوسێ دەکەین رێز لە سەروەریى عێراق بگرن لە ناو خاکەکەى ئۆپەراسیۆنى سەربازیى نەکەن" .
ئەو کاردانەوەى عەمار حەكیم لەپاش ئەوە بوو کە رۆژی دووشەمە 18-4 ، سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە باشووری کوردستان دەستپێکرد، لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤەشین.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەى ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەى سوپاى تورکیاى کرد و رایگەیاند: ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێکدەخات.
ئەم هەواڵە 673جار خوێندراوەتەوە |