ZNA-هەولێر
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی ویستی پۆڵایین، چەندین میوانخانەی داعش تێکدراون و ژمارەیەک لە چەکدارانی ئەو رێکخراوە دەستگیرکراون.
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند: کە زۆرینەی پاشماوەکانی رێکخراوی داعش عێراقین و فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەیە و ھێزە ئەمنیەکان بەدوایانەوەن و تەنیا کەمێکیان ماون کە دەستگیرنەکراون.
خەفاجی گوتیشی: کە لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی ویستی پۆڵایین چەندین ئۆپەراسیۆنی دابەزاندنی ئاسمانییان ئەنجامداوە و بەھۆیەوە چەند میوانخانەیەکی داعش تێکدراون و ژمارەیەک چەکداری ئەو رێکخراوە دەستگیرکراون.
زۆرینەی یەکە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق بەشدارن لەو ئۆپەراسیۆنانەدا لەوانە؛ سوپا و یەکەی بنەبڕکردنی تیرۆر و حەشدی شەعبی، یەکەی تایبەت، فیرقەی نۆی زرێپۆش، کاردانەوەی خێرا و لیوای ئەرکی تایبەت، پاسەوانی سنوور، حەشدی عەشایەری، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و بارەگای پێشکەوتووی کەرکووک.
ماوەی دوو رۆژە ئۆپەراسیۆنی "ویستی پۆڵایین" لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لە سنووری ھەرسێ پارێزگای دیالە، سەلاحەددین، ئەنبار دەستیانپێکردووە لەدژی پاشماوەکانی رێکخراوی داعش.
ئەم هەواڵە 496جار خوێندراوەتەوە |