|
ZNA : هەولێر رۆژی پێنجشەممە بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا بەهۆی شەپۆلێکی فرۆشتنی پشکەکان کە لەدوای گوتارەکەی رۆژی چوارشەممەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا روویدا، داڕمان.
بازرگانان و وەبەرهێنەران نیگەرانن لەوەی کە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.5% بەس نەبێت بۆ هێورکردنەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا.
هەر سێ پێنوێنی بازاڕەکانی ئەمریکا، داوجۆنز، ئێس ئەند پی پێنسەد و ناسداک هەموو قازانجەکانی خۆیان کە لە رۆژی چوارشەممە بەدەستیانهێنابوو لە رۆژی پێنجشەممە هەموویان لەدەستدا.
دابەزینی پێنوێنی داوجۆنز لە رۆژی پێنجشەممە گەورەترین دابەزینی ئەو پێنوێنە بوو لەدوای ساڵی 2020ـەوە.
هاوکات لەگەڵ داڕمانی بەهای پشکی کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بەهای پشکی کۆمپانیا تەکنۆلۆجییەکانی وەکو گووگڵ، ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، مێتا و ئەمازۆن بە رێژەی 4.3% تاوەکو 8.3% دابەزین.
پێنوێنی داوجۆنز بە رێژەی 3.12% و پێنوێنی ئێس ئەند پی پێنسەد بە رێژەی 3.56% و پێنوێنی ناسداک بە رێژەی 4.99% دابەزین.
مێگان هۆرنمان، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کاپیتاڵ ئەدڤایزەر) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانان ئێستا چاویان لە بنەماکانی بازاڕ نییە وەکو قازانجی کۆمپانیاکان کە قازانج و داهاتی کۆمپانیاکان بەرزبووەتەوە، ئەوەی کە روویداوە زیاتر پەیوەستە بە هەستی بازرگانان بەو پێیەی کە ترسیان هەیە لەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا نەتوانێت بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکات."
ئەم هەواڵە 1825جار خوێندراوەتەوە |