ZNA - ههولێر گوتەبێژی دەستەی کەشوهەوای عێراق ئاشكرای كرد، ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی ئێستا عێراقی گرتووەتەوە، تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت، ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو شەپۆلەی ئێستا، وەکو شەپۆلی خۆڵبارینەکەی رۆژی چوارشەممە بەهێز نییە کە سەرچاوەکەی لە باکووری ئەفریقا بوو.
ئهمڕۆ شەممە، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشوهەوای عێراق رایگەیاند: "ئەو تۆزوبا و شەپۆلی خۆڵبارینەی کە وڵاتی گرتووەتەوە تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت، ئەو شەپۆلی پاڵەپەستۆیەی لە دەریای نێوەڕاستەوە رووی لە عێراق کردووە، وایکردووە جارێکی دیکە خۆڵبارین دەستپێبکات، بەتایبەتی لە بەشی رۆژئاوای وڵات کە مەودای بینینی کەمکردووەتەوە".
گوتەبێژی دەستەی کەشوهەوای عێراق هەروەها گوتی: "خۆڵبارین ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری وڵات دەگرێتەوە. سەرەتای خۆڵبارینەکە لە رۆژئاوای وڵات دەستیپێکردووە کە پارێزگای ئەنبارە و دواتر رووی لە پارێزگاکانی دیکە کردووە، لەوانەش کەربەلا کە نزیکە لە ناوچەکانی رۆژئاوا، هەروەها بەغدا و ناوچەکانی دیکە".
بەگوتەی عامر جابری، ئەو شەپۆلەی ئێستا، وەکو شەپۆلی خۆڵبارینەکەی رۆژی چوارشەممە بەهێز نییە کە سەرچاوەکەی لە باکووری ئەفریقا بوو.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم خۆڵبارینە زۆرە، گوتەبێژی دەستەی کەشوهەوای عێراق باسی لەوە کرد، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی لەژێر کاریگەریی گۆڕانکاریی کەشوهەوادایە، ئەوە وێڕای بەبیابانبوون و کەمبارانی و کەمئاوی، هەروەها هەندێک لە رووبارەکان وشکیان کردووە، پشتێنەی سەوز نەماو، زەویی کشتوکاڵی کەمبووەتەوە و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون زیادیکردووە.
سهرچاوه: رووداو
ئەم هەواڵە 370جار خوێندراوەتەوە |